هەڕەشە لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نامەیەکی پـێگەیشتووە و تیایدا هەڕەشەی لێکراوە بەهۆی هەڵوێستی سیاسی لە بەرامبەر گرژیـیەکانی نێوان واشنتن و تاران.

سەباح ئەلکەربولی ڕاوێژکاری یاسایی پەرلەمان لە لێدوانێکدا بۆ ڕادیۆ سەوا گوتویەتی کەسێک نامەیەکی داوە بە سکرتێری سەرۆکی پەرلەمان و ئەویش نامەکەی داوەتە دەستی محەمەد ئەلحەلبوسی.

گوتیشی نامەکە مۆری حزبوڵڵای عێراقی لەسەرە، بەڵام هێشتا دڵنیا نین لەوەی نامەی ئەو گروپەیە یان نا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد سەرۆکی پەرلەمان چەند کەسایەتیـیەکی سیاسی لە ناوەرۆکی نامەکە ئاگادارکردووەتەوە تاوەکو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، لەوانە هادی ئەلعامری.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نە حکومەتی عێراق و نە ئەم گروپە ملیشیایەی نزیک لە ئێرانە لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنێکی فەرمی نەداوە.

حەلبوسی پـێشتر ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ ناوبژیوانیکردن لە نێوان واشنتن و تاران. مانگی ڕابردوو حزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە حکومەت و پەرلەمان و هێزە سیاسیـیەکانی عێراق کرد هەڵوێستیان لە دژی ئەمەریکا هەبێت.