پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی هێزە بیانیـیەکان دابنێت

پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی پەسەندکردووە کە تیایدا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی هێزە بیانیـیەکان لە عێراق دابنێت.

ئۆفیسی سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی پەرلەمان سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکات کە پشتیوانیان لە عێراق کرد لە شەڕی دژی داعش وە لە هەمان کاتدا داوا لە حکومەت دەکەین خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی هێزە بیانیـیەکان لە وڵاتەکە دابنێت.

هیشام ئەلسهێل پەرلەمانتاری عێراق بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتوە، حکومەت دەتوانێت بڕیار بدات مانەوەی ئەو هێزانە بۆ ساڵێک بێت یان دوو ساڵ.

سەرەتای مانگی دوو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند لە ساڵی 2018 ژمارەی هێزەکانی لە عێراق کەم‌دەکاتەوە، ئەمەش پاش ئەوەی داعش نزیکەی هەموو ناوچەکانی داگیریکردبوون لەدەست دا.

لە نێو هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نزیکەی 5 هەزار سەرباز هەن.