کاربەدەسـتانی عێراق دەڵێن هێرشی سەر دوو مزگەوتی سووننە لە شاری حللە کاری داعشە

کاربەدەسـتانی عێراق دەڵێن داعش هێرشی کردووەتە سەر دوو مزگەوتی سووننە لە شاری حللەی ناوەندی پارێزگای بابل بە مەبەستی نانەوەی ئاژاوەی تایفی لە وڵاتەکەدا.

فەلاح ئەلخەفاجی بەرپـرسی ئاسایش لە پارێزگای بابل بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشەیتد پـرێسی گوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دوو تەقینەوە ڕوویاندا، یەکێـکیان لە مزگەوتی عەمـمار بن یاسر لە ناوچەی ئەلبەکریە و ئەوی دیکەیان لە مزگەوتی ئەلفەتح لە گوندی سنجاری قەراغ شاری حللە.

ئەلخەفاجی گوتیشی بڕوای وانیـیە کەسانی شیعە ئاینزا لە پشت تەقینەوەکانەوە بن، بەڵکو کاری داعشە تاوەکو گرژی ئەم دوایـیانەی نێوان شیعە و سووننە بۆخۆی بقۆزێتەوە و ئاژاوە بنێتەوە.

لە لایەکی دیکە شەوی یەکشەممە لە شارۆچکەی ئەسکەندەریـیەی باشوری بەغدا کە زۆربەی دانیشتوانەکەی سووننەیە، ژمارەیەک چەکدار تەقەیان لە تەها ئەلجبوری وتاربێژی مزگەوتی محەمەد عەبدوڵڵا ئەلجبوری کردووە و کوشتوویانە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لای خۆیەوە بەیانـنامەیەکی لە بارەی ئەم هێرشانەوە دەرکرد و تیایدا نوسیویەتی ئامانجی ئەم هێرشانە نانەوە دووبەرەکیـیە لە نێوان پـێکهاتەکانی عێراق. داوای لە ڕۆژنامەوانانی وڵاتەکە کرد بە گیانی بەرپـرسانە و پـرۆفیشناڵانە ڕووماڵی ئەم جۆرە هەواڵانە بکەن.