سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە هەموو ڕێوشوێنێک لە دژی هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر کە حکومەتی عێراق بڕیاری لەسەر بدات، ئەمەش لە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی لە 25 ی مانگی نۆ بۆ سەربەخۆیی ئەنجامیان دابوو.
بنیالی یڵدرم ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لەسەر داوای حکومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێکیان لە دژی هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر و لە داهاتوو یارمەتی حکومەتی عێراق دەدەن لە گرتنەدەستی بەڕێوەبەردنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و لولە نەوتەکە.
هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پەرەپـێدانی پەیوەندیـیە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات و لە داهاتوو تورکیا ڕۆڵی لە بنیادنانەوەی عێراقدا هەبێت.
عەبادی لای خۆیەوە گوتی ئەم سەردانەی بۆ تورکیا بۆ پتەوکردنی پەیوەندیـیەکانی وڵاتەکەیەتی لەگەڵ تورکیا لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و وزە و ئاو و سیاسەت و ئاسایشی.
پاشان پـێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵەی تورکیا و ئێران و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بینیویانە لە ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، گوتی کاریگەری گەورەی هەبووە لە پشتیوانیکردنی عێراق لەم پـرسەدا.
پـێشتر هەر ئەمڕۆ عەبادی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە و هەردووکیان جەختیان لەسەر گرنگی یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە.