حكومه‌تى عێراق له رێگه‌ى به‌رپرسه سونه‌كانه‌وه، سه‌رقاڵى دروستكردنى "حه‌شدى عه‌شایه‌رى"یه بۆ عه‌ره‌به سونه‌كانى ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه پێكهاته‌ى شیعه‌ش خاوه‌نى حه‌شدى شه‌عبین.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاسایش به‌رپرس له ناحیه‌ى جهلهولاى پارێزگاى دیاله، كه داوایكرد ناوى بڵاونه‌كرێته‌وه، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند، "حكومه‌تى عێراق له رێگه‌ى چه‌ند په‌رله‌مانتارێكه‌وه، دوو هێزى 300 كه‌سى له ناحیه‌كانى جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په بۆ سونه‌كانى ناوچه‌كه دروست ده‌كات."
به‌پێى گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه، دروستكردنى هێز بۆ سونه‌كانى جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په، له‌كاتێكدایه سونه‌كانى ئه‌و دوو ناوچه‌یه خاوه‌نى هێزێكى تر‌ى حه‌شدى عه‌شایه‌رین.
دروستكردنى حه‌شدى عه‌شایه‌رى بۆ سونه‌كانى پارێزگاى دیاله، هاوكاته له‌گه‌ڵ بوونى ئه‌و هێزه له‌لایه‌ن سونه‌كانى كه‌ركوكه‌وه، كه هێزه‌كه‌یان لهدهوروبهرى قه‌زاى حه‌ویجه‌ى رۆژئاواى كه‌ركوك جێگیركردووه.
محه‌مه‌د عوسمان یه‌كێك له نوێنه‌رانى كه‌ركوك له خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند، "عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركوك، هه‌ریه‌كه‌یان و به‌رێژه‌یه‌ك چه‌كدارى حه‌شدى عه‌شایه‌ریان هه‌یه."
محه‌مه‌د عوسمان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد هێزه شیعیه‌كان زۆر گرنگى ناده‌ن به حه‌شدى عه‌شایه‌رى، چونكه نایانه‌وێت سونه‌كان ببنه خاوه‌نى هێز. هەروەها گوتى، "به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سونه‌كان ئێستا خاوه‌نى حه‌شدى عه‌شایه‌رین."
هه‌وڵدانى سونه‌كان بۆ بوون به خاوه‌نى هێز له رێگه‌ى حه‌شدى عه‌شایه‌ریه‌وه، له‌كاتێكدایه شیعه خاوه‌نى حه‌شدى شه‌عبى و كوردیش خاوه‌نى هێزى پێشمه‌رگه‌یه، لایه‌نه توركمانیهكانیش له‌هه‌وڵی ده‌ست گه‌یشتن به‌چه‌ك و هێزن.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرت - سازکردنی هیزی چەکداری سونی