حەشدى شەعبى هەندێک ناوچەى عەرەبى سونەیان لەپارێزگاى سەڵاحەدین کردوەتە ناوچەى سەربازى داخراو و رێگە بەدانیشتوانەکانیان نادەن بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، یەکێک لەو ناوچانە ناحیەى سلێمان بەگ ى سەربە قەزاى خورماتوە.
شەلال عەبدول قایمقامى قەزاى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەگەڵ پەرلەمانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین و نەتەوە یەکگرتوەکاندا قسەمان کردووە بۆ ئەوەى هێزە شیعیەکان رێگە بەگەرانەوەى دانیشتوانى سلێمان بەگ بدەن بەڵام هەوڵەکانمان بێ ئەنجام بوون."
ناحیەى سلێمان بەگ ى پارێزگاى سەڵاحەدین کە لەسەرووى 10 هەزار خێزانى عەرەبى سونە پێکهاتووە ، لەئێستادا بەشێکى ئەو خێزانانە لەدەشتاییەکى نزیک ناحیەکە و لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدا ژیان دەگوزەرێنن، بەشەکەى تریان لەکەرکوک و خورماتو نیشتەجێ بوون.
رێگەنەدانى هێزە شیعیەکان بەگەرانەوەى دانیشتوانى ناحیەکە، لەکاتێکدایە ئەو ناحیەیە نزیکە لەناحیەى ئامرلى شیعەنیشینەوە کەپێشتر لەلایەن داعشەوە بۆ ماوەى چەند مانگیک گەمارۆى دانیشتوانەکەى درا ، جیالەوەش سلێمان بەگ پێشتر پێگەى گروپە چەکدارە سونەکانى تێدا بەهێز بووە.
شەلال عەبدول وتیشى"یەکێک لەهۆکارەکانى رێگەنەدان بەگەرانەوەى دانیشتوانى سلێمان بەگ ، ئەوەیە کەشیعەکان پێیانوایە ئاوەدانکردنەوەى گرفت بۆ ناحیەى ئامرلى دروست دەکات."
لاى خۆشیەوە حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، ئاماژەى بەوەکرد جگە لەناحیەى سلێمان بەگ ، هێزە شیعیەکان چەندین ناوچەى ترى سونەنیشینى پارێزگاکەیان کردوتە ناوچەى سەربازى و رێگرن لەبەردەم گەرانەوەى دانیشتوانەکانیان.
حەسەن محەمەد وتى"جەرفولسەخەر ، عەزیزلبەلەد ، قەرەغۆریسان و چەندین ناوچەى تر تا ئێستا رێگە بەدانیشتوانەکانیان نەدراوە بگەرێنەوە."
ناوبراو وتیشى"پاساوى رێگەنەدان بەگەرانەوەیان بەردەوامى پرۆسە سەربازیەکانە لەو ناوچانە ، بەوەى گەر ئاوەدان بکرێنەوە هێزە چەکدارەکان سودیان لێدەبینێت."
ناحیەى سلێمان بەگ لەڕووى جوگرافیەوە دەکەوێتە سەر رێگەى نێوان قەزاى خورماتو و بەغدا و بە ئاوەدانکردنەوەى ئەم ناحیەیە ، شیعەکانى ئامرلى و خورماتو لەیەکترى دادەبرێن، ئەمە جگە لەوەى دەکەوێتە سەر ئەو هێڵەش کە چاودێران دەڵێن ئێران دەیەوێت لەچوارچێوەى پرۆژەى هیلالى شیعى دا بیبەستێتەوە بە سوریاوە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر