حکومەتی عێراق ڕایگەیاند چەکدارانی داعش تەقەیان لە هەلیکۆپتەرێـکی لەشکری کردووە کە لە ئاسمانی شاری موسڵ بووە و لە ئاکامدا هەلیکۆپتەرەکە کەتووەتە خوارێ و هەردوو فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەسـتداوە.
وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیانـنامەیەکدا گوتی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی موسڵ تەقە لە فڕۆکەکە کراوە.
کاربەدەسـتان دەڵێن لە ناوچەی موهەندسینی ڕۆژهەڵاتی باکوری شاری موسڵ هەلیکۆپتەرەکە کەوتووە و هێزە عێراقیـیەکان بە پەلە گەیشتوونەتە شوێنەکە و ناوچەکەیان گەمارۆداوە.
کامێرامانی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس وێنەی هەلیکۆپتەرەکەی گرتووە لەو کاتەی ئاگری گرتووە و لە ئاسماندا بەربووەتەوە.
لەوەتای لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ دەسـتیپـێکردووە ئەمە یەکەم جارە چەکدارانی داعش بتوانن، هەلێکۆپتەرێـکی لەشکری بخەنە خوارێ.