گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى نێوانیان چڕتر دەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، سەبارەت بە پشکى هەرێم لە بودجەى عێراق بۆ ساڵى داهاتوو.
دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و هەندێک لە بەرپرسانى بەغدا لە هەولێرن، دەیانەوێت بەرپرسانى هەرێم ڕازى بکەن بۆ ڕادەستکردنى نەوت بە عێراق.
سالار مەحمود راوێژکار لە سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"سەرۆک کۆمار ئامۆژگارى بەرپرسانى هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەکات."
وتیشى"دکتۆر بەرهەم هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستور دەدات، پێش ئەوەى کێشەکان ئاڵۆزتر ببن."
پێناچێت بەغدا پشکى هەرێم لە بودجەى ساڵى داهاتووى عێراق بدات، ئەگەر هەرێم نەوتەکەى ڕادەست نەکات، بۆیە سەرۆک کۆمار دەیەوێت پێش گفتووگۆکردنى پەرلەمانى عێراق لەسەر بودجەى ساڵى داهاتوو، هەرێم و بەغدا لەیەکتری نزیک بکاتەوە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە سەردانەکەى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ هەولێر، هەندێک زانیارى لەبارەى سەردانەکەوە بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکراکرد، وتى"دکتۆر بەرهەم مەسجێکى بۆ بەرپرسانى هەرێم پێ یە، مەسجەکە بریتیە لەوەى گەر نەوت ڕادەست نەکەن، کێشە دروست دەبێت و پشکى هەرێم لەبودجەى عێراق بۆ ساڵى داهاتوو نادرێت."
بەپێى وتەى سەرچاوەکەى دەنگى ئەمەریکا، گفتووگۆى پەرلەمانى عێراق لەسەر بودجەى ساڵى داهاتوو، گفتووگۆیەکى پڕ لە کێشمەکێش دەبێت، چونکە لایەنە عێراقیەکان ڕازى نابن، پشکى هەرێم بدرێت.
سەرچاوەکە، روونیکردەوە فشارێکى زۆر لەسەر عادل عەبدولمەهدى و وەزیرى دارایى هەیە بۆ بڕینى بودجەى هەرێم، وتى"لە نێوخۆى هەرێمیش ناکۆکى لەسەر ڕادەستکردنى نەوت بە بەغدا هەیە، بۆیە رێککەوتنى هەرێم و بەغدا کەمێک قورسە."
هاوکات عادل نورى پەرلەمانتارى پێشووى عێراق، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"شیعەکانى عێراق ڕازى نابن پشکە بودجەى هەرێم بدرێت، ئەگەر نەوت ڕادەستیان نەکرێت."
وتیشى" بۆ رزگارکردنى دانیشتوانى هەرێم لە قەیرانى دارایى، دەبێت هەرێم لەگەڵ بەغدا رێبکەوێت."
لە ئێستاوە بەرپرسانى هەرێم و بەغدا لە رێگەى ڕاگەیاندنەکانەوە یەکترى تۆمەتبار دەکەن، بەوەى قەرزدارى یەکترین، ئەمەش جۆرێک ئاماژەى تێدایە بۆ دوورکەوتنەوە لەیەکترى.
دکتۆر ئەردەڵان نورەدین پەرلەمانتارى پێشووى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق، گەشبینى خۆى نیشاندا بۆ رێککەوتنى هەرێم و بەغدا، وتى"هەموو ساڵێک لەکاتى گفتووگۆى پەرلەمانى عێراق دا لەسەر بودجە، پشکى هەرێم کێشەى لێدەکەوێتەوە، بۆیە دەبێت ئەو بابەتە چارەسەرى بنەڕەتى بۆ بدۆزرێتەوە، نەک چارەسەرى کاتى."
وتیشى"هاتنى وەفدى بەغدا بۆ هەرێم و ڕۆشتنى وەفدى هەرێمیش بۆ بەغدا، رەنگە ببێتە مایەى چارەسەرکردنى هەندێک لەکێشەکان."
موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کە بەنیگەرانیەوە لە کێشمەکێش و گفتووگۆى نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانن، ترسیان لە رێکنەکەوتن و سەرهەڵدانەوەى قەیرانى دارایى هەیە، بەهۆى بڕینى پشکى هەرێم لەلایەن بەغداوە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر