کاندیدە کوردەکەى لیستى سائیرون: ناوى من دەرهێنراو ژنێکى کوتلەى سەدرى خرایە جێگەکەم

لە ئەنجامى هەژماردنەوەى دەستى دەنگەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ناوى کاندیدە کوردە دەرچوەکەى لیستى سائیرون لابراو ژنێکى سەربە کوتلەى سەدرى خرایە جێگەکەى.

ئازاد حەمید شەفى، بەرپرسى ناوچەى مەندەلى پارتى دیموکراتى کوردستان کە کوردێکى شیعە مەزهەبە، لەپارێزگاى بەغداو لەسەر لیستى سائیرون خۆى کاندید کرد، 6 هەزار و 629 دەنگى بەدەست هێنا.

لەکاتى راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان دا، ناوى ئازاد شەفى لەنێو کاندیدە دەرچوەکان دا بوو بۆ پەرلەمانى عێراق، بەڵام دواى هەژماردنەوەى دەستى دەنگەکان ، ناوى لابراو ژنێک جێگەى گرتەوە.

ئازاد شەفى، لابردنى ناوەکەى لەنێو لیستى کاندیدە دەرچوەکاندا بە سیاسى زانى و، لەلێدوانێکى تایبەت دا بۆ دەنگى ئەمەریکا، رایگەیاند"ژێر بە ژێر ناوى من دەرهێنراوە و ژنێک خراوەتە جێگەکەم، بۆیە سکاڵام تۆمارکردووە."

وتیشى"لەگەڵ هەژماردنەوەى دەستى دەنگەکاندا، لیستێکم دەستکەوت کە ناوەکەم لابرابوو، بەدواداچوونم کرد و بۆم دەرکەوت، ژێر بەژێر لەلیستى پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان دوور خرابومەوە."

سەبارەت بەهۆى دەرهێنانى ناوى لەلیستى پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکانى سائیرون دا، ئازاد حەمید شەفى پێیوایە لەنێو لیستەکەدا، ئەو تەنها کاندیدى کوردى دەرچوو بووە، بۆیە ناوەکەیان بەژنێکى سەربە تەیارى سەدرى گۆڕیوە.

دەربارەى هەڵوێستى کۆمیسیۆن، کاندیدە کوردەکەى لیستى سائیرون، دەڵێت"کۆمیسیۆن وتیان بێ ئاگاین لەدەرهێنانى ناوەکە، بۆیە مەسەلەکە سیاسیە."

هۆکارى کاندیدکردنى ئازاد حەمید شەفى لەپارێزگاى بەغدا لەلایەن کوتلەى سەدریەوە، دەگەرێتەوە بۆ بوونى ژمارەیەکى زۆر کورد لەو پارێزگایە.

ئازاد شەفى، پێیوایە کوتلەى سەدرى بەشێک لەدەنگى کوردانى بەغدایان لەرێگەى ئەمەوە بەدەستهێناوە، کەچى دواتریش نەیانهێشتوە بگاتە پەرلەمان.

ناوبراو وتى"دواى هەژماردنەوەى دەستى دەنگەکانیش، ژمارەى دەنگەکانم کەمى نەکرد، تا دوور بخرێمەوە."

ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق نارەزایەتى زۆرێک لە کوتلە و لایەنە سیاسیەکانى لێکەوتەوە، بۆیە دواجار بریارى هەژماردنەوەى دەستى دەنگەکان درا، دەرئەنجامى ئەم پرۆسەیەش نەبووە هۆى گۆڕینى دەرئەنجامەکان.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر