بەرپرسى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى، ئاماژە بە نزیک بوونەوەى وادەى گەڕانەوەى حیزبەکەى بۆ کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات، بێ ئەوەى وادەکە ئاشکرابکات.
لەم گفتووگۆیەدا، لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، دکتۆر کەمال کەرکوکى، دەڵێت"لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان نێوانمان باشە و شەریک و بەشدارین لەحکومەتدا، بۆیە هەوڵ هەیە لەهەموو ناوچەکان پێکەوە و بەخۆشى کاربکەین."
زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، دەزگا ئەمنیەکانى عێراق ئامادەکارى دەکەن بۆ چۆڵکردنى بارەگاکانى پارتى لەکەرکوک، لەمبارەیەوە کەمال کەرکوکى وتى"مەعقولە لە حکومەتدا شەریک بین و بارەگاکانمان نەدرێتەوە، بەڵێ، بارەگاکانمان دەدرێتەوە."
لەکاردانەوەى ئەگەرى پێدانەوەى بارەگاکانى کەرکوک بە پارتى، عەرەب و تورکمانەکان، دژایەتى خۆیان بۆ ئەو هەنگاوەى عێراق راگەیاند ،دەڵێن"نابێت بینا حکومیەکان بدرێتەوە بەو حیزبە."
لەبەرامبەردا، سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى، هێرشیکردە سەر هەندێک لایەنى عەرەبى و تورکمانى و تۆمەتبارى کردن بەوەى دژى هەر لایەنێکن کە خزمەت بکات،وتى"ئێمە لەگەڵ هەندێک لایەنى عەرەبى و تورکمانى، دۆستین و هاتووچۆمان هەیە، بەڵام بیرکردنەوەى هەندێکیان شۆڤێنیانەیە."
سەبارەت بە یەک لیستى حیزبە کوردیەکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک،کەمال کەرکوکى دەڵێت"یەک لیستى لەبەرژەوەندى کوردە، نابێت هیچ دۆخێک بکرێتە بیانوو بۆ یەک لیست نەبوون."
لە کۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، بەرپرسەکەى پارتى ئاماژەى بە هەڵبژاردنى پارێزگارێکى نوێ بۆ کەرکوک کرد، ڕوونیکردەوە لەگەڵ عەرەب و تورکمان لە هەوڵدان بە مەبەستى ڕازیکردنیان.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر