ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، 45 حاڵەتى سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران تۆمارکراون ، کە سوتاندنەکانیان دەستى لە پشتەوەیە و پێویستە لێکۆڵینەوەى جدى بکرێت.
رێبوار تەها یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لە پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دیاردەى سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران دیاردەیەکى سروشتى و ئاسایى نیە، 45 حاڵەت تۆمارکراون کە بە دەست سوتێنراون."
وتیشى"ئێمە بەدواداچوونمان کردووە و گەیشتووینەتە ئەنجام، کە هەندێک لەو دەغڵ و دانانە دەست لەپشت سوتاندنیانەوە هەیە."
سەبارەت بەو دەستانەى لەپشت سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیارانەوەن، پەرلەمانتارەکەى عێراق وتى"رەنگە داعش بێت، رەنگە دەستى ترى نادیار بێت بۆ نانەوەى پشێوى و ناکۆکى لەنێوان پێکهاتەکاندا."
وتیشى"سوتاندنى دەغڵ و دانى ئەمساڵ کە لەمێژوودا وێنەى کەمە، کارەساتە و ڕووبەڕووى وڵات بووەتەوە، نابێت حکومەتى عێراق ئەمە بە ئاسایى وەربگرێت، بەڵکو دەبێت لێپێچینەوە بکرێت."
رێبوار تەها، ئاماژەى بەوەشکرد داوایەکى فەرمیان داوەتە پەرلەمانى عێراق بۆ لێکۆڵینەوە کردن و قەرەبووکردنەوەى جوتیاران، بریارە لەدانیشتنى سبەینێ پێنجشەمەى پەرلەمانى عێراق دا گفتووگۆى لەسەر بکرێت، وتى"داوامانکردووە پەرلەمان گفتووگۆ لەسەر مەسەلەى سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران بکات، پاشان بریار بدات لەسەر قەرەبووکردنەوەى جوتیاران و لێکۆڵینەوەى جدى له مەسەلەکە."
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر