دواى شکست هێنانى ئەنجامدانى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە رۆژى 16 ى ئەم مانگە، هەوڵەکانى یەکێتى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک ڕوو لەخاو بوونەوە دەکات.
ئەڵماس فازڵ یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لەپەرلەمانى عێراق( یەکێتى)، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لایەنى عەرەبى و تورکمانى چاوەرێى پێکهێنانى حکومەتى عێراقن، بریارە دواتر دانوستانەکان لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک دەست پێبکەینەوە."
وتیشى"ئەم کێشمەکێشەى لەسەر پۆستى پارێزگار ڕوودەدات، بەهۆى کۆ نەبوونەوەى لیستى کوردى و ناکۆکى نێوخۆیى کوردەوە هەیە."
لەبەرانبەردا کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک (پارتى)، هۆکارى نەگەراوەى حیزبەکەى بۆ کەرکوک بۆ نائاسایى بوونى دۆخى ئەو پارێزگایە گێرایەوە، وتى"نەگەڕانەوەى ئێمە، پەیوەندى بەیەکێتیەوە نیە، بەڵکو لەدۆخى کەرکوک نیگەرانین."
پێشتر یەکێتى چەندین هەوڵى جیاى لەگەڵ پارتى لەلایەک و عەرەب و تورکمانی لەلاکەى تر داوە بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار، بەڵام تائێستا لەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبووە.
ئەحمەد عەزیز بەرپرسى ژوورى ناوچەدابڕاوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتى ناوچە دابراوەکانى لەبن دەستى کورد دەرهێناو هەموو ئەو ناوچانەمان لەدەستدا."
وتیشى"ئێستا ناکۆکى نێوان ئەو دوو حیزبە، کوردى لەکەرکوک کردۆتە قوربانى و ناتوانین پۆستى پارێزگار وەربگرینەوە."
رێک نەکەوتنى یەکێتى و پارتى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، لەکاتێکدایە پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت کە لەنەتەوەى عەرەبە، لەلایەن کوردەوە بەتەعریب کردنەوەى ناوچەکورد نیشینەکان و دوورخستنەوەى بەرپرسانى کورد تۆمەتبار دەکرێت.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر