عیرفان کەرکوکى: هەفتەى داهاتوو هەنگاو بۆ کاراکردنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەنێین

Kerkuk

عیرفان کەرکوکى سەرۆکى نوێى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بە وەکالەت، کە لەچەند رۆژى رابردوودا لەلایەن رێبوار تاڵەبانى یەوە وەکالەتى بۆ کرا، دەڵێت"هەفتەى داهاتوو هەنگاو بۆ کارا کردنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەنێم."

عیرفان کەرکوکى، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاماژەى بەوەکرد، لەگەڵ هەموو لایەنەکانى کەرکوک گفتووگۆ دەکات بۆ دروستکردنى کۆ دەنگى، لەپێناو ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک و گێرانەوەى رۆڵ بۆ ئەنجومەنى پارێزگا.

سەبارەت بەوەى هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا دانراوە، کەرکوکى وتى"هەفتەى داهاتو دەست بە کارەکانمان دەکەین و سەرەتا کۆدەنگى دروست دەکەین، دواتر بڕیارى کۆبونەوە دەدەین."

هەڵبژارنى سەرۆک کۆمارى عێراق کە بێ رێککەوتنى نێوان یەکێتى و پارتى بەڕێوەچوو، جارێکى تر مەسەلەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک و ئەنجومەنى پارێزگاى وروژاندەوە، بەتایبەت پۆستى سەرۆک کۆمار و پارێزگارى کەرکوک کرابونە یەک پاکێج ، پارتى داواى یەکێک لەو دوو پۆستەى دەکرد و یەکێتى ڕازى نەبوو.

یەکێتى دواى بەدەست هێنانى پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق، لەبەغداوە کار بۆ بەدەستهێنانەوەى پۆستى پارێزگاریش دەکات، پارتیش دەیەوێ لە رێگەى هەنگاونان بۆ کاراکردنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەو پرسەدا ڕۆڵى هەبێت.

بەڵام عیرفان کەرکوکى کە لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە لە هەولێرە، دەڵێت"پۆستى پارێزگار پەیوەندى بەرێککەوتنى کوتلە سیاسیەکانەوە هەیە، هەرکات ئەوان رێککەوتن، ئێمە لەئەنجومەن متمانەى پێدەدەین."

سەبارەت بە چارەنوسى رێبوار تاڵەبانى سەرۆکى پێشوى ئەنجومەن بە وەکالەت، عیرفان کەرکوکى وتى"من ئێستا وەکالەتم بۆ سەرۆکایەتى کردنى ئەنجومەن لە کاک رێبوار وەرگرتوە، باقى بۆ خۆى دەگەڕێتەوە کە چى دەکات و چى ناکات."

بەدوور نازانرێت پۆستى پارێزگارى کەرکوک، هاوشێوەى پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق گەڕێکى ترى ململانێ لەنێوان یەکێتى و پارتى دا بێنێتە ئاراوە و ئەو دوو لایەنە بەجیا دانوستان لەسەر ئەو پرسە بکەن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر