تادێت پێگەى کورد لە کەرکوک لاواز دەبێت و رۆڵى لە نێو دامەزراوە گرنگەکانى پارێزگاکەدا لاوازتر دەکرێت، هێزە کوردیەکانیش هۆکارى هەرەسهێنانى دەسەڵاتەکانیان بۆ پەرتەوازەیى و یەکڕیز نەبوون دەگێڕنەوە.
شوان محەمەد بەرپرس لەئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى، هۆکارى یەکریز نەبوونى لایەنە کوردیەکان بۆ نەبوونى متمانە و کاریگەرى 16 ى ئۆکتۆبەر دەگێرێتەوە.
شوان محەمەد، وتى"بێ متمانەیى لە نێوان حیزبە کوردیەکان درێژەى هەیە، بۆیە لە کەرکوک یەکهەڵوێست نین."
کورد پێش 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو خاوەنى دەسەڵاتى رەهاى کەرکوک بوو، بەڵام دواتر دەسەڵاتەکانى لەو پارێزگایە هەرەسى هێناوە، بەتایبەت لە وەتەى ئیدارەى پارێزگاکە کەوتوەتە دەست عەرەبى سونە، کار بۆ گۆڕینى بەرپرسە کوردەکان و لاوازکردنى پێگەى کورد دەکات.
جوان حەسەن سەرۆکى کوتلەى یەکگرتوى ئیسلامى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد کورد گەر یەکریز بێت و کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا گرێ بدات کە تێیدا زۆرینەیە، بەشێک لەدەسەڵاتەکانى بەدەست دێنێتەوە.
ناوبراو بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"نەهاتنەوەى ئەندامانى ئەنجومەن بۆ کەرکوک و هەماهەنگى نەکردن زیانى گەورەى بە کەرکوک گەیاندووە."
هێزە کوردیەکان خەریکە بائاگا دێنەوە بەوەى پەرتەوازەییان لەکەرکوک، بووەتە هۆى لاواز بوونى ڕۆڵ و پێگەیان، بۆیە جوڵەیەکیان بە ئاراستەى نزیک بوونەوە لەیەکترى دەستپێکردووە.
بەتایبەت یەکێتى و پارتى دەیانەوێت بۆ بەدەست هێنانەوەى پۆستى پارێزگار ، رێکبکەون و کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا گرێ بدەن، بەڵام تاکو ئێستا ڕوون نیە هەوڵەکانیان سەردەگرێ یاخود نە.
رێبوار تەها کاندیدى یەکێتى بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکریزى یە بۆ یەکلاکردنەوەى پرسە گرنگەکانى کەرکوک."
بریارە لە مانگى 12 ى ئەمساڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ئەنجام بدرێ، یەکێتى دەیەوێ پێش ئەو بەروارە پۆستى پارێزگار وەربگرێتەوە، تا لەهەڵبژاردنى داهاتودا سود لە پۆستەکە وەربگرێت بۆ بەهێزکردنەوەى پێگەى لەو شارە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر