پارتى: هەر کاندیدێکى یەکێتى بۆ پارێزگار بەشداربووبێت لە خیانەتى 16 ى ئۆکتۆبەر رازى نابین دابنرێت

یەکێتى نیشتیمانى هەوڵى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک دەدات و بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت لەگەڵ پارتى دا رێکبکەوێت، پارتیش مەرجى هەیە بۆ ئەو کەسەى یەکێتى کاندیدى دەکات بۆ ئەو پۆستە.

لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو و بەجێهێشتنى کەرکوک لەلایەن نەجمەدین کەریمەوە، پۆستى پارێزگار لەلایەن راکان سەعید جبوریەوە بەڕێوەدەبرێت کە عەرەبێکى سونەیە.

لەئیستادا راکان جبورىبۆ پەرلەمانى عێراق هەڵبژێردراوە، بۆیە یەکێتى دەیەوێت لەچوارچێوەى دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەت، ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى کوتلەى یەکێتى لە ئەنجومەنى پارێزگاکانى کەرکوک، ئامادەنەبوو وردەکارى هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک باسبکات، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گفتووگۆکان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن و هەندێک هەنگاومان ماوە."

لە وەرەقەى ئامادەکراوى یەکێتى دا بۆ دانوستانى پێکهێنانى حکومەتى عێراق، ئاماژەبە ئاساییکردنەوەى دۆخى ئیدارى پارێزگاى کەرکوک کراوە، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ نیەتى ئەو حیزبە بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار.

کورد لەکۆى 41 کورسى ئەنجومەنى پارێزگا، خاوەنى 26 کورسیە، ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتى لەرابردوودا رێگربووە لە کۆبونەوەى ئەنجومەن و وەرگرتنەوەى پۆستەکە.

پێشتر یەکێتى هەوڵیدا لەگەڵ عەرەب و تورکماندا رێبکەوێت و پۆستەکە وەربگرێتەوە، بەڵام هەوڵەکانى بێ ئەنجام بوو، بۆیە لەئێستادا دەیەوێت بۆ وەرگرتنەوەى پۆستەکە لەگەڵ پارتى دا رێکبکەوێت.

عەدنان کەرکوکى وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەر کاندیدێک بەشداربووبێت لە خیانەتى 16 ى ئۆکتۆبەردا ، پارتى ڤیتۆى لەسەرى هەیە."

وتیشى"پۆستى پارێزگار گەر دەسەڵاتى لەگەڵ نەبێت و دۆخى کەرکوک ئاسایى نەکرێتەوە، کورد سودى لێ نابینێت."

پێشتر ناوى چەند بەرپرسێکى یەکێتى هەبوو وەکو کاندیدى پۆستى پارێزگار، بەڵام ئەو کاندیدانەى گۆڕى و کاندیدى نوێى بۆ پۆستى پارێزگار ئامادە کردووە، کە بەپێى زانیاریەکان رێبوار تەهایە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر