حەشدى شەعبى: ئەو بەرپرسە کوردانەى نەگەڕاونەتەوە بۆ خورماتو سەرى کێشەکەن

ئەو بەرپرسە کوردانەى کە هەتا پێش 16 ى ئۆکتۆبەر سەرپەرشتى یەکە ئیدارى و حزبیەکانى خورماتویان دەکرد، نەگەڕاونەتەوە بۆ قەزاکە و هۆکارەکەشى بۆ گرفتى ئەمنى دەگێڕنەوە.

کەریم شکور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەکێتى، شەلال عەبدول قایمقامى خورماتو، حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، ئەو بەرپرسە کوردانەن ، نەیانتوانیوە بۆ خورماتو بگەڕێنەوە.

حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"وەکو بەرپرسە کوردەکانى خورماتو تا ئێستا نەگەڕاوینەتەوە، چونکە گرفتى ئەمنى هەیە."

وتیشى"هەواڵگیرى و لایەنى ئەمنى بەدەست تورکمانى شیعەوەیەو یەک کوردى تێدا نیە، بۆیە ناگەڕێینەوە."

نەگەڕانەوەى بەرپرسى مەڵبەندى حەمرین ى یەکێتى بۆ خورماتو، لە کاتێکدایە حیزبەکەى بارەگاى بۆ قەزاکە بردۆتەوە و جێگرەکانى سەرپەرشتى دەکەن، هەروەها شەلال عەبدولیش بە پۆستەکەى دوورخراوەتەوە.

جگە لە پارتى، زۆربەى حیزبە کوردیەکان بارەگایان بۆ قەزاى خورماتو بردۆتەوە، بەڵام تەنها ڕێگەى هەڵگرتنى چەند چەکێکیان بۆ پاسەوانێتىکردنى بارەگاکانیان پێدراوە.

لە بارەى ترسى ئەو بەرپرسە کوردانە بۆ گەڕانەوە خورماتو، عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى تورکمانى، بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"مەلا کەریم و شەلال عەبدول سەرى کێشەکانى خورماتو بوون، ئەوان بڕیارى شەڕ و بۆردومانکردنى گەڕەکە تورکمانیەکانیان دەردەکرد."

وتیشى"ئەو بەرپرسە کوردانە لەلایەن یاساوە داواکراون."

قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین، لەئێستادا هێزە شیعیەکان تێیدا باڵادەستن، لەکاتێکدا تا پێش 16 ى ئۆکتۆبەر بەشێکى قەزاکە لەژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگە و بەشەکەى ترى حەشد بەسەریدا باڵادەست بوو.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر