48 بەرپرسى کورد کەرکوکیان جێهێشتوە و نەگەڕاونەتەوە

حکومەتى عێراق، بەرێوەبەرى تەندروستى کەرکوکى لەپۆستەکەى دوورخستەوە و تورکمانێکى لە جێگەکەى دانا، بەرپرسانى کوردیش دەڵێن ئەو بەرپرسە کوردانەى لادەبرێن، خۆیان پێشتر لەکەرکوک "هەڵاتون".

ئەحمەد عەسکەرى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە 48 بەرپرسى کورد کەرکوکیان جێهێشتوە و نەگەراونەتەوە، کە ناشگەرێنەوە، عێراق جێگرەکانیان لەجێگەکانیان دادەنێت، خۆ تا دونیا دونیایە ئەو پۆستانە بەوەکالەت بەرێوەنابرێن."

عەسکەرى، وتیشى"بەرپرسە کوردەکان لەکەرکوک هەڵاتون و لەسلێمانى و هەولێر دانیشتون، ئێمەش ناتوانین بە ئیدارەى کەرکوک بڵێین بۆ پۆستەکان پڕدەکەنەوە، خێرا پێمان دەڵێن، بۆچى کوردەکان ناگەرێنەوە."

بەپێى وتەى ئەحمەد عەسکەرى، دواى 16 ى ئۆکۆتبەرى ساڵى رابردوو، هیچ بەرپرسێکى کورد لانەبراوە، بەڵکو ئەوانەى لادەبرێن، ئەوانەن کە هەڵاتون و ناگەرێنەوە.

ئەحمەد عەسکەرى وتى"کاتى خۆى ئێمە کوردمان کردۆتە بەرێوەبەر، عەرەب و تورکمانمان داناوە بۆ جێگریان، ئێستا جێگرەکان دەکرێنە بەرێوەبەر بەهۆى نەگەڕانەوەى کوردەکانەوە."

سەبارەت بە تازەترین گۆڕانکارى کە لابردنى بەرێوەبەرى تەندروستى کەرکوک و دانانى تورکمانێکە لەجێگەکەى، عەسکەرى وتى"بەرێوەبەرى تەندروستى رۆیشتوەتە سلێمانى و ناگەرێتەوە، بۆیە جێگرەکەى خراوەتە شوێنى."

گۆڕینى بەرپرسە کوردەکانى کەرکوک لەکاتێکدایە هەفتەى رابردووش، قایمقامى داقوق کەکوردە لەپۆستەکەى لابراو تائێستاش کێشەى قایمقامى خورماتو یەکلایى نەبوەتەوە، کە دادگا بریارى گەرانەوەى بۆ پۆستەکەى داوە بەڵام رێگەى پێنادرێت.

سەرچاوەیەکى ئاگادار کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەئێستادا خورماتو قایمقامى نیە، چونکە بەرێوەبەرى ناحیەى سلێمان بەگ کە بەوەکالەت کراوەتە قایمقامى خورماتو، عەرەبى سونەیەو دەوام ناکات."

وتیشى"هۆکارى دەوام نەکردنى دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى کە هەڕەشەى کوشتنى لێکراوە، گەر دەوام بکات، چونکە تورکمانى شیعە چاوى لەو پۆستەیەو دادگاش بریارى گەرانەوەى قایمقامە کوردەکەى داوە."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر