هێزەکانى پێشمەرگە نزیکەى 70 گومان لێکراویان لە گوندە عەرەب نیشینەکانى ناوچە کوردستانیەکانى پارێزگاى دیالە دەستگیرکرد، هەروەها سەر لەبەیانى ئەمرۆ پـێنجشەممە لەو ناوچانە داعش کەسێکى شیعە مەزهەبى سەربڕى و دوو کەسى تریشى بریندارکرد.
محەمەد سامان، بەڕێوەبەرى ئاسایشى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رۆژى چوار شەمە 3 گوندنیشینى دانیشتوى گوندى مەعدانى باکورى جەلەولا، لە کاتى لەوەڕاندنى گامێشدا کەوتونەتە بۆسەى مەفرەزەیەک چەکدارەوە."
وتیشى"مەفرەزە چەکدارەکە کە گومان دەکرێت داعش بن، یەکێک لە 3 هاوڵاتیەکەیان ڕفاندووە و ئەمڕۆ پێنجشەمە تەرمەکەیان بەسەربڕدراوى لە نزیک ڕوبارى سیروان فڕێداوە."
ئەو سێ کەسەى کەوتونەتە بۆسەى گروپە چەکدارەوە و یەکێکیان لێ سەربردراوە شیعەمەزهەبن، هەروەها لەو ناوچەیەشدا کە بە ناوچەى ئیسڵاح ى باکورى جەلەولا ناسراوە، گومان دەکرێت چەند مەفرەزەیەک چەکدارى داعشى تێدابێت و هێزە ئەمنیەکان چاودێریان دەکەن.
لاى خۆشیەوە محەمەد عومەر بەرپرسى کۆمیتەى قەرەتەپەى یەکێتى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەمرۆ داعش لەناو قەرەتەپەدا دوو بۆمبى چێنراوى داناوە، بەو هۆیەوە جوتیارێک و سەربازێکى حەشد برینداربوون."
وتیشى"داعش لەناوچەکەدا جوڵەى زۆرە، هەر بۆیە پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکى گەورەى ئەنجامداوە و نزیکەى 70 گومانلێکراوى دەستگیرکردووە."
ناوچە کێشەلەسەرەکانى پارێزگاى دیالە کە بەشێکى لەژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگە و بەشەکەى ترى هێزە عێراقیەکانى تێدایە، لە ئێستادا هێزەکانى داعشیش ڕوو لەو ناوچانە دەکەن و کار بۆ بەهێزکردنى پێگەى خۆیان دەکەن.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر