بەڕێوەبەرى پۆلیسى داقوق: 7 چەکدارى داعش دەستگیرکران

هێزەکانى پۆلیسى داقوق لە باشورى کەرکوک 7 چەکدارى داعشیان دەستگیرکرد، کاتێک دەیانویست لە ڕێگەى ئاوارەکانەوە خۆیان بگەیەننە نێو شارى کەرکوک و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

عەمید کاوە غەریب بەڕێوەبەرى پۆلیسى داقوق ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەشێکى زۆر لە کەس و کارى چەکدارانى داعش خۆیان گەیاندوەتە ناوچە ئارامەکان و بە تایبەت نێو کامپەکان."

وتیشى"چەکدارەکانى داعش دەیانەوێت لەرێگەى ئاوارەکانەوە خۆیان رزگار بکەن و خۆیان بگەیەننە ناوچە ئارامەکان."

بەپێى وتەى بەڕێوەبەرى پۆلیسى داقوق ، لە چەند رۆژى رابردوودا زانیاریان پێگەیشتوە لەسەر خۆخزاندنى ژمارەیەک چەکدارى داعش بە ڕیزى ئاوارەکان ، بۆیە بۆسەیان لە چەند جێگەیەک داناوە.

عەمید کاوە وتى"7 چەکدارى داعشمان لەنێو ئاوارەکاندا دەستگیرکردووە ، کە یەکێک براى پلان داڕێژەرى هێرشەکەى سەر کەرکوک بووە."

سەبارەت بەهۆکارى خۆخزاندنى ئەو چەکدارانە بەنێو ئاوارەکان، عەمید کاوە وتى"لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکەین بۆ ئەوەى بزانین بۆچى داعشیان جێهێشتووە ، ویستویانە واز بهێنن یان شوێن گۆرکێیان کردووە."

کاتێک لەمانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو داعش هێرشى کردە سەر شارى کەرکوک ، سەرەتا بەرپرسانى ئەو شارە پێیانوابوو چەکدارەکان لەنێو کامپى ئاوارەکانەوە پلانی هێرشەکەیان دارشتبوو، بەتایبەت پێشتر فەرماندەکانى پێشمەرگە پێشبینى دزەکردنى چەکدارانى داعشیان لەرێگەى ئاوارەکانەوە کردبوو.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر