داعش لە پەلاماردانى سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە میحوەرەکانى کەرکوک و خورماتو بەردەوامە و شەوى سێشەممە لەسەر چوارشەممە هێرشى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە ناوچەى زەرگە لە باشوری ڕۆژئاوای خورماتو، وە دواى شەڕێکى قورس هێرشەکەى داعش تێکشکێنرا، بەڵام لە شەڕەکەدا 3 پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و 11 پێشمەرگەش برینداربوون.
رائید محەمەد ئەحمەد ئەفسەرى پێشمەرگە لە ناوچەى زەرگە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشمەرگە شارەزاى چۆنیەتى شەڕى داعش بووە، هەربۆیە لە ئێستادا سەرقاڵى دروستکردنى قولەى سەربازین و داعش هێرش دەکات تا رێگرى لە دروستکردنى ئەو قولانە بکات."
وتیشى"داعش لە یەک کاتدا پەلامارى دوو رەبیە دەدات، چەند چەکدارێکیشیان بە نهێنى دەنێرنە نزیک رەبیەکان و بەنارنجۆک شەڕ دەکەن."
دواى تەواوبوونى شەڕەکەى شەوى رابردوو و تێکشکانى هێرشەکەى داعش، تەرمى چەکدارێکى داعش لە نزیک رەبیەکانى پێشمەرگە بەجێمابوو، هەروەها پێش هێرشەکەش هەواڵگیرى پێشمەرگە زانیاریان لەسەر بەڕێکەوتنى 5 ئۆتۆمبێل چەکدارى داعش هەبووە بەرەو سەنگەرەکانیان.
عەقید جمهور رۆستەم فەرماندەى پێشمەرگە لە دیالە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێرشە بەردەوامەکانى داعش لە کەرکوک و زەرگە بۆ ئەوەیە تا دەروازەیە بکەنەوە و هێز بەرەو دیالە بنێرن."
وتیشى"داعش ئاگادارە هێرش دەکرێتە سەر حەویجە، بۆیە دەیەوێت ژمارەى چەکدارەکانى لە حەویجە کەم بکاتەوە و ڕەوانەى حەمرینیان بکات."
داعش لە حەمرین ویلایەتى جەبەلى راگەیاندووە، دەیەوێت چەکدارەکانى بە ڕێگەى باشورى کەرکوک و زەرگەى سنورى خورماتودا ڕەوانەى دیالە و سنورى حەمرین بکات.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر