پلانى نوێى چەکدارانى داعش پۆشینى جل و بەرگى سەربازى و دانانى بازگەیە لەسەر رێگە سەرەکیەکانى پارێزگاکانى کەرکوک و دیالە، کە لەماوەى 10 رۆژى رابردوودا چەندین کەسیان کوشتووە و رفاندووە.
ئازاد حەمید شەفى سەرۆکى ئەنجومەنى ناحیەى مەندەلى پارێزگاى دیالە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"شەوى رابردوو چەکدارانى داعش بەجلى سەربازیەوە بازگەیان لەخوارووى ناحیەى مەندەلى داناوە."
وتیشى" پێنج سەربازى عێراقیان کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکانیشیان بردوون، کە ئۆتۆمبێلى سەربازى بوون."
بەپێى وتەى سەرۆکى ئەنجومەنى ناحیەى مەندەلى، پێشتریش چەکدارانى داعش بازگەى تریان لەناوچەکە داناوە، کارمەندى پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانیان کوشتووە و بریندارکردووە.
لەلایەکى تریشەوە محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین، ئاماژەى بەوەکرد لەچەند شەوى رابردوودا، ژمارەیەک چەکدارى ترى داعش بەجلى سەربازیەوە لەسەر رێگەى کەرکوک_بەغداو لەنزیک ناحیەى ئامرلى بازگەیان داناوە،وتى"لەبازگەکە ژمارەیەک هاوڵاتیان کوشتووە، کە 5 لەکوژراوەکان لەیەک خێزانن و خەڵکى کەرکوکن."
بەرپرسانى ئەمنى عێراق باس لە بڵاوبوونەوەى ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش دەکەن بەناوچە دورە دەستەکانى کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین دا، کە بەربڵاوى ناوچەکە وایکردووە نەتوانن لەچەکدارانى ئەو رێکخراوەى پاک بکەنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر