شەوى یەکشەممە لە گوندێکى نزیک ناحیەى ریاز ى سەربە قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، داعش 27 چەکدارى حەشدى شەعبى و هێزە عێراقیەکانى لە نێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا سوتاند.
نازم کەهیە رێکخەرى پێشوى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى کە خۆى نیشتەجێى ناحیەى تازە خورماتوى باشورى کەرکوکە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزەکانى حەشد و هەواڵگیرى عێراقى رۆیشتوون بۆ دەستگیرکردنى داواکراو لەگوندەکانى نزیک ناحیەى ریاز، بەڵام کەوتونەتە بۆسەى داعشەوە."
نازم کەهیە، ئاماژەى بەوەکرد داعش 27 چەکدارى حەشد و هەواڵگیرى لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دا سوتاندووە، وتى"کوژراوەکان 5 کەسیان خەڵکى ناحیەى تازە خورماتو و تێشیاندایە خەڵکى دوز خورماتوە، بەڵام زۆربەیان عەرەبن و خەڵکى خوارووى عێراقن.
جەختیشیکردەوە:هێزە عێراقیەکان چاوساغیان هەبووە کاتێک بەرەو ریاز رۆیشتوون، گومان دەکرێت چاوساغەکە هەماهەنگى لەگەڵ داعشدا هەبووبێت."
هاوکات ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش چەند ئۆتۆمبێلێک پڕ لەچەک و تەقەمەنیشیان لەهێرشەکەى شەوى رابردوودا بردووە."
وتیشى"حەویجە و ناوچەکانى دەوروبەرى لەداعش پاک نەکراونەتەوە، بۆیە تائێستا جم و جۆڵ و چالاکیان هەیە."
پێشتر دەنگى ئەمەریکا لەزارى بەرپرسانى کەرکوکەوە بڵاویکردبویەوە، کە جم و جۆڵى داعش لەسنورى حەویجە بەشێوەیەکى بەربڵاو زیادیکردووە و جم و جۆڵیان گەیشتۆتە ئاستێک، هەندێک لەبەرپرسە ئەمنیە عێراقیەکان ترسیان لە کەوتنى ئەو قەزایە هەیە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر