شەوى دووشەممە لەسەر سێشەممە چەکدارانى داعش چەند تاوەرێکى کارەبایان لە نێوان ناحیەکانى جەلەولا و قەرەتەپەى پارێزگاى دیالە تەقاندەوە، هەر لە هەمان ناوچەش بەهۆى بۆمبى چێنراوەوە 5 ئەندامى خێزانێک گیانیان لەدەستدا.
محەمەد عومەر، بەرپرسى کۆمیتەى قەرەتەپەى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەماوەى ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم جارە داعش تاوەرە کارەباکانى نێوان جەلەولا و قەرەتەپە بۆمبڕێژ دەکات."
وتیشى"چەند تاوەرێکى کارەبا بەهۆى بۆمبى داعشەوە تەقیونەتەوە و چەند تاوەرێکى ترى بۆمبڕێژکراویش لەلایەن تیمەکانى هەڵگرتنەوەى مینەوە پوچەڵکراونەتەوە."
هاوکات لەگەڵ بۆمبڕێژکردنى تاوەرەکانى کارەبادا، داعش لەچەند رێگەیەکى سەرەکیش بۆمبى چێنراویان داناوە، بەو هۆیەوە 5 ئەندامى خێزانێک کە لەباوک و دایک و سێ منداڵ پێکهاتبوون ئەمرۆ گیانیان لەدەستدا.
محەمەد سامان بەڕێوەبەرى ئاسایى ناحیەى جەلەولا، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش بۆیە تاوەرەکانى کارەبا دەتەقێنێتەوە، تا بەشەوان کارەبا لەناوچەکە ببرێت و سود لە تاریکى شەو بۆ کارى تیرۆریستى وەربگرێت."
تەقاندنەوەى تاوەرکانى کارەبا لەناوچەکانى نێوان ناحیەکانى جەلەولا و قەرەتەپە، لەکاتێکدایە ئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگەدان و پان و بەرینى ناوچەکە وایکردووە بە ئاسانى کۆنترۆڵ نەکرێن.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر