ژمارەى چەکدارانى داعش لە هەندێک ناوچەی عێراق و تاکتیکى نوێـیان

ساڵێک بەسەر راگەیاندنى کۆتایى هاتنى شەڕى داعش لە عێراق تێپەڕدەبێت، بەڵام چەکدارانى سەر بەو رێکخراوە نەک بنەبڕ نەکراون، بەڵکو هەتا دێت سەرچاوەى مەترسى زیاترن لەسەر هەندێک شاروشارۆچکە.

پارێزگاکانى موسڵ، ئەنبار ، کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین، ئەو پارێزگایانەن هەتا ئێستا تارمایى چەکدارانى داعشیان بەسەرەوە ماوە، بە تایبەت بەشێکى زۆر لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکان، هێشتا پێگەیەکى بەهێزى چەکدارانى سەر بەو رێکخراوەن.

ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، ئەو قەزایەى کە کۆتا ناوچەى عێراق بوو لەلەبن دەستى داعش دەرهێنرا، بەڵام بەپێى وتەى ناوبراو، ئێستا دەوروبەرى قەزاکەى ژمارەیەکى زۆر داعشى تێدایە.

ئەحمەد خورشید، ژمارەى چەکدارانى داعشى لەسنورى کەرکوک و دیالەو سەڵاحەدین بە سەروى هەزار چەکدار مەزەندە کرد، وتى"بەشێک لە چەکدارەکان ماڵ و منداڵیان لەگەڵدایە و لە بنارى چیاى حەمرینن."

وتیشى"داعشەکان زیاتر لە نێو تونێلەکان دا دەمێننەوە، بەڵام زۆرى باران بارینى رۆژانى رابردوو، هەندێک لە تونێلەکانى رووخاندوون."

گەر کۆنترۆڵکردنى ناوچە جیاجیاکان و مانەوە تێیاندا لەرابردوودا ئامانجى چەکدارانى داعش بووبێت، ئەوا ئێستا داعش لەرێگەى مەفرەزەی گەرۆکەوە هەوڵى هێرش کردن و دواتر کشانەوە دەدات.

نازم زەنگەنە سەرۆکى پێشوى ئەنجومەنى ناحیەى تازەخورماتو لەباشورى کەرکوک، پلانێکى نوێى هێرش کردنى چەکدارانى داعشى بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکرا کرد، وتى"داعش ئێستا زۆربەى هێرشەکانى لەرێگەى چەکدارى ماتۆرسکیل سوارەوە ئەنجام دەدات."

وتیشى"داعش ژمارەیەکى زۆر ماتۆر سکیل ى فەرش رێژ کردووە، واتە ساڵەنسەى ماتۆر سکیلەکانى لە فەرش ئاڵاندوون، تا لەکاتى گەڕان دا ماتۆرەکانیان دەنگى نەیەت و لەکاتى گەڕانەوەشدا شوێن تایەرەکانیان دیار نەبێت."

هێرش کردنە سەر موختارى گوندەکان و رفاندن و کوشتنیان بەشێکە لەپلانى نوێى چەکدارانى داعش، کە لەماوەى چەند مانگى رابردوودا لە ناوچە جیاجیاکانى کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین، چەندین موختار کوژراون.

ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى دیارى عەرەبى سونە لەکەرکوک، هۆکارى کوشتنى موختارى گوندەکان بۆ نزیکیان لە حکومەت و هێزە ئەمنیەکان دەگێرێتەوە، دەڵێت"داعش بۆیە موختارەکان دەکوژێت، چونکە وەکو سیخور لێیان دەڕوانێت و نایەوێت زانیارى لەبارەى چەکدارەکانیانەوە، بگاتە هێزە عێراقیەکان."

یەکێکى تر لەو ناوچانەى کە داعش جم و جۆڵى تێیدا هەیە، سنورى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالەیە، کە بەپێى زانیارى دەزگا ئەمنیەکان، داعش لەگوندى ئیسڵاح ى سەربەو ناحیەیە 15 چەکدار و لەناوچەى تبج 20 چەکدار و بەئاراستەى ناحیەى قەرەتەپەش 40 چەکدارى هەیە.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بەرپرس لەجەلەولا کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارانى داعش زۆربەى کات لەشەوان دا ڕووبەرووى هێزە عێراقیەکان دەبنەوە، بەرۆژیش لەسەر دەریاچەى حەمرین دەبینرێن."

هەفتەى رابردووش، هێزەکانى پێشمەرگە و هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکیان لەنێوان قەزاى کفرى و خورماتو ئەنجامدا، تێیدا چەند چەکدارێکى داعش کوژران و برینداربوون.

عەمید عیرفان حەمەخان جێگرى فەرماندەى لیواى 3 ى پێشمەرگە لە سنورى خانەقین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ناوچە کێشەلەسەرەکان هەرگیز داعش و گروپى توندڕەوى لێنابڕێت، چونکە زەمینەى مانەوە و دروست بوونیان لەبارە."

جم و جۆڵى داعش تەنها گرفتى ئەمنى و سەرێشەى بۆ حکومەتى عێراقى بەدواوە نیە، بەڵکو بێ متمانەیشى لەنێوان لایەنە سیاسى و تەنانەت عێراق و وڵاتانى دەوروبەریشدا دروستکردووە، بەشێوەیەک ناوبەناو یەکترى بە پشتیوانى کردنى ئەو رێکخراوە تۆمەتبار دەکەن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر