بەرپرسانى کەرکوک، دەڵێن داعش جم و جۆڵى لەدەوروبەرى کەرکوک کەم بۆتەوە و چالاکیەکانى بۆ بێجى و ناوچەى شەرگات گواستۆتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە هێزە عێراقیەکان رێوشوێنە ئەمنیەکانیان لەپارێزگاکە توندوتۆڵتر کردۆتەوە.
عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ماوەى هەفتەیەکە داعش جم و جۆڵى کەمە لەسنورى کەرکوک، بەڵام لە سنورى شەرگات و خۆراواى بێجى جوڵەیان زۆرە."
هێزەکانى داعش لەسنورى نێوان پارێزگاکانى کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدین گۆڕانکارى لە چالاکیەکانیان دا دەکەن، هەر جارەو فشار لەناوچەیەک دروست دەکەن و لەبەرانبەردا لەناوچەکانى تر جم و جۆڵەکانیان سنوردار دەکەن.
هەر ئەمرۆ داعش لەقەزاى دۆرى پارێزگاى سەڵاحەدین، هێرشێکى گەورەى کردۆتە سەر هێزە عێراقیەکان و بەو هۆیەوە، ژمارەیەک سەربازى عێراقى کوژراون و بریندار بوون.
ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى پێشوى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش لەدەوروبەرى کەرکوک چالاکى ماوە، بەڵام چالاکیەکانى کەمە."
وتیشى"پۆلیسى فیدرالى پلانى باشى بۆ باشور و رۆژئاواى کەرکوک داناوە و پلانەکانیان تا ئێستا سەرکەوتوو بووە."
لەرۆژانى رابردووشدا هێزە عێراقیەکان لەپارێزگاى دیالە ئۆپەراسیۆنێکى گەورەیان ئەنجامدا، چونکە جم و جۆڵى داعش لەو پارێزگایە زۆربوو.
سەرچاوەیەکى ئەمنى ئاگادار لەدیالە کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەرپرسێکى دیارى داعش لەدیالە بەناوى ئەبو ئیدهام ، خۆى رادەستى هێزەکانى عێراق کردووە لەکاتى بەرێوەچوونى ئۆپەراسیۆنەکەدا."
وتیشى"هێزە عێراقیەکان بەرپرسەکەى داعشیان بۆ شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە گواستۆتەوە."
دواى لەدەستدانى زۆربەى ناوچەکانى عێراق و کۆنترۆڵکردنەوەى لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە، چەکدارانى داعش شێوازى شەڕکردنیان لەشەڕى جەبهەییەوە بۆ شەڕى پارتیزانى گۆڕیوە، زۆربەى چەکدارەکانیشیان ڕوویان لە ناوچە شاخاوى و دەشتاییە دوورەکان کردووە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر