جێگرى پارێزگارى دیالە: هاوپەیمانان بۆ یەکەمجار داعشیان لە دیالە بۆمبارانکرد

هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ یەکەمجار لە پارێزگاى دیالە بنکەو بارەگاکانى داعشیان بۆردومانکردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانى پارێزگاکە دەڵێن، جم و جۆڵى چەکدارانى داعش لەپارێزگاکەیان گەیشتۆتە ئاستێک، بەشەوان دێنە سەر جادە سەرەکیەکان و بازگە دادەنێن.

سەرچاوەیەکى ئەمنى بەرپرس لە پارێزگاى دیالە کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چەکدارانى داعش بەشەوان دێنە سەر جادەکان و بازگە دادەنێن، بە چەکى ئارپیجى و بیکەیسیش لەهێزە عێراقیەکان دەدەن."

وتیشى"شەوى رابردوو 10 چەکدارى داعش لە دەریاچەى حەمرین پەڕیونەتەوە و لە نزیک جەلەولا بازگەیان داناوە."

لاى خۆشیەوە کەریم عەلى جێگرى پارێزگارى دیالە، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، ئاماژەى بەوەکرد داعش جم و جۆڵى زۆرە، بۆیە رۆژى سێشەمە هاوپەیمانان بنکەکانى داعشیان لە شاخەکانى نزیک ناحیەى سەعدیە بۆردومانکردووە.

لەسەرەتاى دەستپێکردنى شەڕى داعشەوە تا راگەیاندنى کۆتایى هاتنى شەڕ دژى ئەو رێکخراوە، هێزەکانى هاوپەیمانان کەمترین چالاکیان لەپارێزگاى دیالە هەبووە.

سەبارەت بەهۆکارى هاتنە خەتى هاوپەیمانان و بۆردومانکردنى داعش لەو پارێزگایە، جێگرى پارێزگارى دیالە وتى"ئەمە یەکەم چالاکى هاوپەیمانانە دژى داعش لە دیالە، ئەگینا پێشتر یەک فیشەکیان دژى ئەو رێکخراوە نەتەقاندووە."

وتیشى"بۆردومانکردنى چەکدارانى داعش لەلایەن هاوپەیمانانەوە، بەرێککەوتن بووە لەگەڵ حکومەتى عێراق."

لەماوەى مانگى رابردوەوە تائێستا، رێکخراوى داعش لەمیدیاکانى خۆیەوە، وێنەى چەکدارانى و چەندین چالاکى تایبەتى لەپارێزگاى دیالە بڵاوکردۆتەوە.