نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکاری دەکات بۆ ئاوارەی نوێی شەڕی داعش لە عێراق

بەرپـرسی یارمەتیـیە مرۆیـیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەڵێت کارمەندەکانیان وا ئامادەکاری دەکەن بە مەبەستی دابینکردنی پـێداویستی بۆ سەدان هەزار ئاوارە، ئەمەش هاوکاتی ئەوەی هێزەکانی عێراق ئامادەکاری دەکەن بۆ سێ ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە دژی داعش.

لیزا گراندی ئەمڕۆ سێشەممە لە جنێڤ گوتی تیمەکانیان جوڵاونەتەوە بەرەو ناوچەکانی نزیک تەلەعفەر لە پارێزگای موسڵ و حویجە لە پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار.

گوتیشی لەم ڕۆژانەی دوایی لە شوێنی هێزە لەشکریـیەکان و ڕێگەکانی دەربازکردنی خەڵکی سیڤیل ئاگادارکراونەتەوە.

پاشان خانم لیزا گراندی باسی لە ڕەوشی ئاوارەکانی شاری موسڵ کرد و گوتی هەرچەندە شەڕەکە لە شاری موسڵ کۆتایی هات، بەڵام هێشتا قەیرانی مرۆیی لەوێ بەردەوامە.

باسی لەوەش کرد هێشتا نزیکەی 3.3 ملیۆن کەس لە عێراق ئاوارەن، لەوانە تەنها 700 هەزار کەسیان خەڵکی شاری موسڵن.