پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە کۆدەبێتەوە بۆ تاووتوێکردنی کێشەکانی بەسڕە

بڕیارە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە دانیشتنێکی تایبەت سازبکات بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیر و ژمارەیەک لە وەزیرەکان بۆ تاووتوێکردنی کێشەکانی پارێزگای بەسڕە.

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی دانیشتنەکە کاژمێر یەکی پاش نیوەڕۆی شەممە سازدەکرێت بۆ تاووتوێکردنی کێشەکان و پـێشهاتەکانی ئەم دوایـیانەی بەسڕە و هەروەها دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە هێشتا پەرلەمان نەیتوانیوە سەرۆکێک بۆ خۆی هەڵبژێرێت. ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ سازکرا، بەڵام ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیـیەکان وەهایانکرد بە هیچ ئەنجامێک نەگەن، بۆیە بڕیاریان دابوو هەتا 15 ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام نەدەن بەو هیوایەی لەو ماوەیە لایەنە سیاسیـیەکان بە ڕێکەوتنێک بگەن.

بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دوایـیانەی بەسڕە کە لەوەتای ڕۆژی سێشەممەوە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی بە لایەنی کەم 9 کەس و برینداربوونی بە دەیان کەسی دیکە و هەروەها سووتاندن و وێرانکردنی ژمارەیەک لە بینا حکومی و حزبیـیەکان لەو پارێزگایە، وەهایانکرد لایەنە سیاسیـیەکان بڕیاری ئەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمان بدەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیش 3 گولـلە خومپارە کەوتنە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کە لەوێ دامودەزگا حکومیـیەکان و پەرلەمانی لێـیە. کاربەدەستان دەڵێن هیچ زیانی گیانی و ماددی نەبووە.