کاربەدەسـتانی عێراق دەڵێن لە هێرشێکی داعش بۆ سەر بارەگایەکی لەشکری لە نزیک شاری ڕوتبەی پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە لایەنی کەم 10 سەربازی عێراقی کوژراون.
ئەفسەرێـک بە پلەی موقەدەم بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند هێرشەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کراوەتە سەر بارەگای فیرقەی یەک لە ناوچەی سەکار لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕوتبە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 10 سەرباز گیانیان لەدەسـتداوە و 6 سەربازی دیکە برینداربوون.
ئەفەسەرێـکی دیکەش گوتی لە دەوروبەری 5 ی بەیانی بە خومپارە و ئارپـیجی هێرش کراوەتە سەر بارەگاکە و بە دوایدا بۆ ماوەی نزیکەی 2 کاژمێر شەڕە تەقە بەردەوامبووە و پاشان چەکدارەکانی داعش بەرەو ناوچە بیابانیـیەکان کشاونەتەوە.
جێی ئاماژەیە ڕوتبە نزیکەی 390 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەغدای پایتەختەوە دورە و دەکەوێتە ناوچەیەکی بیابانی نزیک سنورەکانی سوریا و ئوردن و سعودیـیە.
لەم مانگانەی دوایی هێزەکانی پاسەوانی سنور و لەشکری عێراق لەو ناوچەیە چەندان جار هێرشیان کراوەتەسەر.