ژێنگەپارێزانی ئێرانی بە سیخوڕی گوناهبار دەکرێن و زیندانی دەکرێن

دادگایەکی پێداچوونەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری زیندانیکردنی هەشت ژینگەپارێزی وەک خۆی هێشتۆتەوە.

ئەو ژینگەپارێزانە بە تاوانی سیخوڕایەتی کردن و پیلانگێڕان لە بەرژەوەندی واشنتۆن و زیان لێدانی ئاسایشی نیشتمانی ئێران گوناهبارکراون و پێشتریش دادگا سزای زیندانیکردنی سەپاندبوو بەسەر هەر یەکێکیاندا و هەرە زۆرەکەیان دە ساڵ زیندانی کردنە.

غولام حوسەین ئیسماعیلی، دەمڕاستی ئەو دادگایەی پێداچوونەوە دەڵێت " دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی داوە سەبارەت بە دۆسێکانی ئەو گومانبارانە کە بە دۆسێی ژینگەپارێزی ناودێرکراون، بە بڕوای ئێمە کاریان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران کردووە."

بڕیارەکانی دادگاش لە 4 ساڵەوە بۆ 10 ساڵ بووە.

ئیسماعیلی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دووان لە گومانبارەکان، موراد تەهباز و نێلۆفەر بەیانی، هەر یەکەیان بە دەساڵ زیندانیکردن سزادراون بە تاوانی هاوکاری پیلانگێڕی لەگەڵ ئەمریکادا.

هومان جۆکار و تاهیر غەدیریان، هەر یەکەیان بە هەشت ساڵ زیندانی کردن سزادروان و سام ڕەجەبی و سپێدە کاشانی شەش ساڵ زیندانیکردنیان بۆ بڕاوەتەوە، بە هەمان گوناهبارکردن.

هەر لەم دۆسێی ژینگەپارێزانەدا ئەمیر حەسەن خالقی بە سیخوڕایەتی کردن گوناهبار کراوە و بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دراوە، هەروەها وەک ئیسماعیلی دەڵێت عەبدولڕەزا وەهبا بە پیلانگێڕان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران گوناهبارکراوە و بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە.

ئەم هەشت کەسە گوناهبارکراوە، لە ڕێکخراوی فارس بۆ پاراستنی گیاندارە کێویەکان کاریان کردووە و ئەرکیان بایەخدان بووە بەو گیاندارانەی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لە سەرەتای ساڵی 2018 دا بە گومانی سیخوڕایەتی کردن دەستگیر کراون.

لە سەرەتادا دادپارێزان چوار کەسیانی ڕووبەڕووی تاوانی گەندەڵکاری لەسەر زەوی کردەوە، ئەمەش یەکێکە لە تاوانە مەترسیدارەکان لە ئێراندا، سزای مردنی لەسەرە. دواتر لە مانگی 10ی ڕابردوودا ئەو تاوانبارکردنەیان لەسەر هەڵگیرا، بەڵام هێشتاش تاوانی تری ئاسایشییان لە ئەستۆ نراوە.

هەر لە سەرەتای ساڵی 2018دا، پرۆفیسۆر کاوس سەید ئیمامی، کە مامۆستای زانکۆی کەنەدا بوو، دەستگیر دەکرێت.

پرۆفیسۆر ئیمامی تەمەن 63 ساڵ، وەک دەگوترێت پاش دوو هەفتە لە دەستگیرکردنەکەی خۆی کوشتووە.