کۆمەڵێک لە شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە دەستبەجێ 3 ژنی ئێرانی ئازادبکەن کە ناڕەزایـیان دەربڕیبوو لە بەرامبەر ئەو یاسایانەی ژنان ناچاردەکەن حیجاب ببەستن.
ئەم شارەزایانە ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی کارەکەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیان ئەو 3 ژنە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایی خۆیان دەربڕیبوو و داوایانکردبوو ژن خۆی بڕیار بدات حیجاب ببەستێت یان نا.
مونیرە عەرەبشاهی و یاسەمین ئاریانی و موجغان کیشافەرز لە ڕۆژی جیهانی ژنان لە 8 ی مانگی سێ لە ناوی میترۆی تاران بەبێ ئەوەی حیجاب ببەستن گوڵیان بە دیاری داوە بە ژنان و بەو بۆنەیەوە پـیرۆزبایـیان لێکردوون و هانیان داون تێبکۆشن لە پـێناو بەدەستهێنانی مافە سەرەتایـیەکانیان.
بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران لە مانگی چوار دەسـتگیریانکردن و بۆ ماوەی 2 هەفتە بێسەروشوێنیانکردن. دەشڵێن دواتر بەبێ ئەوەی پارێزەریان هەبێت دادگایی کراون.
دادگا بڕیاری داوە موجغان کیشافەرز 23 ساڵ زیندانی بکرێت و هەریەک لە مونیرە عەرەبشاهی و یاسەمین ئاریانی 16 ساڵ زیندانی بکرێن بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی پـرۆپاگەندەی دژی دوڵەت و هاندان بۆ فەساد و لەشفرۆشی.
بەپـێی هەواڵەکان هەرسێکیان لە بەندیخانەی قەرچەکی تاران زیندانیکراون.
شارەزاکانی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەکەیاندا داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد ئەو جۆرە تۆمەتانە نەهێڵن و هەموو ئەوانەشی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن و دەستگیرکراون بەهۆی داکۆکیکردنیان لە مافەکانی ژنان ئازادبکرێن.
جاوید ڕەحمان، بەرپـرسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و دوبراڤکا سیمۆنۆڤیچ، شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەیسەکانی توندوتیژی لە دژی ژنان و میشێل فۆرست، بەرپـرسی تایبەت بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، لە نێو ئەو شارەزایانەدان کە بەیاننامەکەیان واژوکردووە.