پارێزەرێکی ئێرانی دەڵێت ڕۆژنامەوانێکی وڵاتەکەی بڕیاری سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ دراوە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئیمام ڕەزا لەسەر تویتەر.
حسێن ئەحمەدینیاز ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئیسنای ڕاگەیاند میر محەمەد حسێن میر ئیسماعیلی کە لە ڕۆژنامەی "جهان صنعت" کاری دەکرد، لە لایەن دادگایەکی تارانەوە ئەو سزایەی بۆ دراوە.
ڕۆژنامەوان میر لە مانگی چواری ساڵی 2017 دەسـتگیرکرا کاتێک هەوڵی دابوو ئێران جێبهێڵێت.
ناوبراو لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە ڕەخنەی لە ئایەتوڵڵا ئەحمەد عالەم ئەلهودا گرتبوو لەسەر ئەوەی سەما و موزیکی لە شاری مەشهەد بە گوناح ناودێرکردبوو بەهۆی بوونی مەزاری ئیمام ڕەزا لەو شارەدا.
میر ئیسماعیل لە تویتەرەکەی نووسیبووی" عالەم ئەلهودا دەڵێت سەما و موزیک سووکایەتیـیە بە ئیمام ڕەزا! واز لەوە بێنە، درۆ مەکە، ئیمام ڕەزاش یەکێک بووە لە ئێمە."
ناوبراو دواتر نووسینەکەی سڕیبۆوە و داوای لێبوردنی کردبوو و گوتبووی ئەو بە هیچ شێوەیەک مەبەستی سووکایەتیکردن بە ئیمام ڕەزا نەبووە بەڵکو تەنیا ویستویەتی ڕەخنە لە عالەم ئەلهودا بگرێت.
ئیمام ڕەزا هەشتەمین ئیمامی دوازە ئیمامەکەی شیعەکانە، لە نەتەوەی عەرەبە و ساڵی 766 ی زاینی لە شاری مەدینەی عەرەبستانی سعودیـیە لە دایکبووە و ساڵی 818 لە نزیک شاری مەشهەدی ئێران کۆچی دواییکردووە.