ناڕەزایی بازاڕەکانی ئێران بۆ ڕۆژی چوارەم بەردەوامن

خۆپـیشاندان و ناڕەزایی کاسپکارانی بازاڕەکانی ئێران بەردەوامن و بەپـێی میدیاکان ئەمڕۆ چوارشەممە سنووری تارانی پایتەختی تێپەڕاندووە و شاری دیکەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، لەوانە تەورێز.

بەشێک لە کاسپکاران فرۆشگاکانی خۆیان داخستووە و بەشداری لە خۆپـیشاندانەکان دەکەن وەک ناڕەزایـیەک بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان و بێسەروبەری و ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی دراوی وڵاتەکەدا.

ڕادیۆ فەردا ئەمڕۆ لەسەر ماڵپەڕەکەی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ناڕەزایی چەند ناوچەیەکی بڵاوکردووەتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

خۆپـیشاندانی ناڕەزایی ئێرانیـیەکان

مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ڕژێمی گەندەڵی ئێران داهاتەکانی وڵاتەکە لە ئەسەد و حزبوڵڵا و حەماس و حوثیـیەکان بە هەدەر دەدات، ئەمەش لە کاتێکدا ئێرانیـیەکان دەناڵێنن. نابێت کەس بەلایەوە سەیربێت خۆپـیشاندانەکانی ئێران بەردەوامن. خەڵکی بێزاربوون لە گەندەڵی و نادادپەروەری و بێ توانایی ڕێبەرەکانیان. جیهان گوێی لە دەنگیانە."

جێی ئاماژەیە لە 24 ی ئەم مانگی شەشەوە ناڕەزایەتییەکان لە بازاڕێکی فرۆشتنی تەلەفونی مۆبایلی تارانەوە دەسـتیانپـێکرد و بۆ ڕۆژی دوایی بازاڕی گەورەی شارەکەی گرتەوە و کاسپکاران بە خۆپـیشاندان بەرەو پەرلەمانی وڵاتەکەیان بەڕێکەوتن، بەڵام هێزەکانی حکومەت بڵاویانپـێکردن.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو ڕیاڵی ئێرانی نیوەی بەهای خۆی لە دەستداوە و گەیشتووەتە ئەوەی دۆلارێک بە نزیکەی 90 هەزار ڕیاڵە.