وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت ئامادەن بەبێ مەرج وتووێژ لەگەڵ ئەمەریکادا بکەن

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە بەبێ مەرج وتووێژ لەگەڵ ئەمەریکا بکات، بەڵام پـێویستە واشنتن ڕێز لە تاران بگرێت.

جەواد زەریف لە چاوپـێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگ‌وباسی کیۆدۆی ژاپـۆنی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لە دانوستاندندا متمانە گرنگ نیـیە، بەڵام پـێویستە ڕێزگرتن لە یەکتر هەبێت.

گوتیشی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەتوانێت ڕێگە بۆ وتووێژ خۆشبکات، ئەمەش بە پابەندبوون بە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کشانەوەی ئەمەریکا لەو ڕێکەوتننامەیە لە 8 ی مانگی پـێنجی ئەمساڵدا هەنگاوێکی نایاسایی بووە.

زەریف لە درێژەی چاوپـێکەوتنەکەی گوتیشی کشانەوەی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا لە دەستکەوتەکانی دوو ساڵ و نیوی دانوستاندن شیانی هەیە ببێتە مایەی متمانە نەکرد بە ئەمەریکا لە ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیـیەکاندا.

جێی ئاماژەیە مانگی ڕابردوو برایەن هوک بەرپـرسی ئەمەریکایی بۆ مەسەلەکانی پەیوەست بە ئێران گوتی ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ساڵی 2015 لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند نەکراوە، بۆیە ئاسایی‌یە ئەمەریکا لێی بکشێتەوە.