قاسم سولەیمانی هێرشی زارەکی دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمەریکا

سەرۆکی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی زارەکی توندی کردە سەر دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

قاسم سولەیمانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە وتارێکیدا لە شاری هەمەدان ڕووی دەمی کردە سەرۆک ترامپ و گوتی"هەڕەشەمان لێدەکەیت، ئێمە عاشقی مەرگین، من لەم پـێناوەدا تینوی ڕشتنی خوێنمم."

پاشان گوتویەتی" ئەم شەڕە هەرچیتان هەیە وێرانی دەکات، ئێوە ئەم شەڕە دەسـتپـێدەکەن، بەڵام کۆتایـیەکەی ئێمە دەیسەپـێنین، بۆیە دەبێت ئاگات لە خۆتبێت لە سووکایەتیکردن بە گەلی ئێران و سەرۆک کۆمارەکەمان، دەشبێت بزانیت چی دەڵێیت و پـرسیار لەوانەی پـێشترت بکەیت و سوود لە ئەزمونیان وەربگریت، بێگومان لە ناو ئەمەریکا کەسان و دامودەزگای توێژینەوەی گەورە هەن فێرت دەکەن."

ئەم لێدوانانەی سولەیمانی پاش ئەوە دێت کە سەرۆک ترامپ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەسەر تویتەرەکەی بۆ حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێرانی نووسی" نەکەی جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئەمەریکا بکەیتەوە ئەگەر نا ڕووبەڕووی سزایەک دەبیتەوە کە لە مێژوودا تەنها چەند جارێکی کەم بینراوە."

بەپـێی شارەزایان توانا بەهێز و پـێشکەوتووە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا بەراورد ناکرێت لەگەڵ توانا سنووردارەکانی ئێران، بۆیە ئەم لێدوانانەی سولەیمانی زیاتر دەچنە خانەی پـرۆپاگەندەی ناوخۆی ئێرانەوە.

لەم بارەیەوە دەخیلی شەممۆ لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژی کردووە لەگەڵ ئاگری ئیسماعیل نەژاد ڕۆژنامەوان لە نەمسا.

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئاگری ئیسماعیل نەژاد