دادگای باڵای چیای تاریق بڕیاری ئازادکردنی ئەو کەشتیـیە نەوتەی ئێرانی دا کە لە سەرەتای مانگی حەوتەوە دەستی بەسەرداگیرابوو بە تۆمەتی گواستنەوەی نەوت بۆ سوریا.
ئەنتۆنی دادلی سەرۆکی دادگاکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی چیتر کەشتی Grace 1 دەستی بەسەردانەگیراوە.
پـێشتر کاربەدەستان لە چیای تاریق گوتیان وەزارەتی دادی ئەمەریکا داوای لێکردوون کەشتیـیە ئێرانیـیەکە ئازاد نەکەن، بەڵام دادوەرەکە لەم بارەیەوە گوتی هیچ نووسراوێکی پێ نەگەیشتووە سەبارەت بەم داوایە.
شارەزایان دەڵێن هەرچەندە دادگاکە بڕیاری ئازادکردنی کەشتیـیەکەی داوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی چیای تاریق دەتوانن دەستی بەسەردابگرنەوە بەر لەوەی ئاوەکانیان جێبهێڵێت.
لە لایەکی دیکە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران خۆشحاڵی خۆی بە بڕیاری دادگاکە دەربڕی و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەمەریکا لە هەوڵەکەی شکستی هێنا.