سەرۆکانی ئێران و ڕووسیا و تورکیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند بەو گیانە هاوکاریـیەی لە وتووێژەکانی ئەستانە لە نێوانیاندا هەبوو، چارەسەری دۆخەکەی پارێزگای ئیدلیبی سوریا دەکەن.
کۆبوونەوەی هەریەک لە حەسەن ڕوحانی و ڤلادیمیر پـوتن و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە تاران دەسـتیپـێکرد. هەرچەندە ئامانجی کۆبوونەوەکە مەسەلەی ئیدلب بوو، بەڵام لە بەیاننامەکەیاندا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەیان بۆ ناوچە کوردیـیەکان کرد. تیایدا نووسیویانە"هەر هەوڵێک ڕەتدەکەنەوە بۆ دروستکردنی دیفاکتۆیەک بە بەهانەی نەهێشتنی تێرۆرزمەوە، وە سووربوونی خۆیان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەر چ پـرۆژەیەکی جوداخوازی دووپاتدەکەنەوە کە ئامانجی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بێت."
بەر لە دەستپـێکردنی کۆبوونەوەکەیان لە پشت دەرگای داخراوەوە، هەریەکەیان وتارێکی پـێشکەش کرد.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا گوتی" ئەگەر لێرە بە ئاگربەست بگەین، ئەوا یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکانی ئەم کۆنگرەیە دەبێت وە هەتا ڕادەیەک خەڵکی سیڤیل هێوردەکاتەوە."
گوتیشی هێرشی سەر ئیدلیب کارەسات و کوشتنکاری و قەیرانی مرۆیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت ئیدلیب بکرێتە گۆماوی خوێن."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دەکرێت گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن بۆ ناوچەیەک بگوێزرێنەوە کە نەتوانن چیتر هێرشی سەر بنکەی حمێمیمی سوریا بکەن، ئەوەی بارەگای هێزەکانی ڕووسیای لێـیە.
هەروەها گوتی چیتر وڵاتەکەی ناتوانێت ئاوارە و پەنابەری زیارتر وەربگرێت.
ئۆفیسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەگەربێت و هێرش بکرێتە سەر پارێزگای ئیدلیب، ئەوا نزیکەی 800 هەزار کەس ئاوارەدەبن.
ڕوحانی لای خۆیەوە گوتی" شەڕی دژی تێرۆرزم" لە ئیدلیب کارێکە دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام نابێت بۆ خەڵکی سیڤیل بە ئازاربێت و وێرانکاری لێ بکەوێتەوە.
پـوتن گوتی حکومەتی سوریا مافی خۆیەتی دەسـتبگرێتەوە بەسەر تەواوی خاکی سوریا وە ئەوە ئەرکێکێتی و دەبێت ئەنجامی بدات. گوتیشی" گروپە تێرۆرستیـیەکان" لە ئیدلیب بەردەوامن لە کارە ئیستفزازیـیەکانیان و بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆردومان دەکەن."
گوتیشی هیوادارە "تێرۆرستان" چەکەکانیان دابنێن.