ئێران ئاپی پەیوەندی تێلگرام لە دەزگا حکومیـیەکانی وڵاتەکەی قەدەغەدەکات

میدیاکانی ئێران دەڵێن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان بڕیاریان داوە بەکارهێنانی ئاپی تێلگرامی مۆبایل کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێنرێت لە دەزگا حکومیـیەکان قەدەغەبکرێت.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئیسنای نیمچە فەرمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام هۆکاری قەدەغەکردنەکەی ڕانەگەیاند.

میدیا فەرمیـیەکانی ئێران دەشڵێن عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران لەبەر بەرژەوەندیـیەکانی وڵاتەکە لە ئەمڕۆوە وەستاوە لە بەکارهێنانی تێلگرام.

جێی ئاماژەیە خەڵکێکی زۆر لە ئێران ئەم ئاپە لە مۆبایلەکانیان بۆ پەیوەندی ئنتەرنێتی بەکاردەهێنن. مەزندەدەکرێت نزیکەی 40 ملیۆن کەس لە ئێراندا بەکاریبهێنن.

پـێشتر ئێران لە میانەی خۆپـیشاندانە ناڕەزایـیەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ کە زیاتر لە 80 شاری گرتەوە، بە شێوەیەکی کاتی کارکردنی ئەم ئاپەی ڕاگرت.

ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی ئێران چەند ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە ڕووسیا بڕیارێکی هاوشێوەی لە وڵاتەکەی دا بەهۆی ڕەتکردنەوەی کۆمپانیای تێلگرام بۆ داوای مۆسکۆ لە ڕێگەدان بە دەزگا ئاسایشیـیەکانی دەوڵەت لەوەی دەستیان بگات بە پەیامەکانی خەڵکی.