فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دانی نا بەوەی تاران پشتیوانی لە یاخیبووە حوثیـیەکانی یەمەن دەکات، ئەمەش سەرەڕای نکۆڵی بەردەوامی کاربەدەستانی ئێران لەو کارە.
جەنەڕاڵ ناسر شەعبانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فارسی سەر بە سوپای پاسداران گوتویەتی" بە یەمەنیـیەکانمان گوت لە دوو کەشتی نەوتی سعودیـیەکان بدەن، ئەوانیش کردیان."
باسی لەوەش کردووە سوپای پاسدارن لە بری کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی و ئامۆژگاری حوثیـیەکانی یەمەن دەکات.
دواتر ئاژانسی دەنگوباسی فارس ئەم بەشەی وتووێژەکەی لەسەر ماڵپەڕەکەی سڕیوەتەوە، بەڵام بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا توانی وێنەی بگرێت.
جێی ئاماژەیە چەکدارانی حوثی لە مانگی حەوت، 2 کەشتی نەوتی سعودیـیەیان کردە ئامانج، ئەمەش وای لە ڕیاز کرد بە شێوەیەکی کاتی هاتوچۆی کەشتیـیە نەوتیـیەکانی لە تەنگەی باب ئەلمەندب ڕابگرێت.