ژمارەیەک کەس لە ئەوروپا دەستگیردەکرێن بە تۆمەتی هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوە لە کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران

دەسەڵاتدارانی بەلجیکا تۆمەتی پـلاندانان بۆ تەقاندنەوەی بۆمب لە شوێنی کۆبوونەوەیەکی ئۆپـۆزسیۆنی ئێرانی لە فەڕەنسا ئاڕاستەی ژن و مێردێکیان کرد. هەروەها دیپـلۆماتێکی ئێرانی لە ئەڵمانیا و 3 کەسی دیکە لە فەڕەنسا لە پەیوەست بەم کەیسە دەسـتگیرکران.

داواکاری گشتی بەلجیکا گوتی ئەمیر س. تەمەن 38 ساڵ و نەسیمە ن. تەمەن 33 ساڵ کە هەردووکیان بە ڕەچەڵەک ئێرانین و هاوڵاتینامەی بەلجیکایان هەیە، تۆمەتبارن بە هەوڵی ئەنجامدانی تەقینەوە لە میانەی کۆنگرەی موجاهدینی خەلق لە پاریس.

هەروەها گوتی دیپـلۆماتێکی ئێرانی کە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ڤیەننا کاری دەکرد و لەگەڵ ئەو ژن و مێردە لە پەیوەندیدابوو لە ئەڵمانیا دەسـتگیرکرا.

پـۆلیس دەڵێت ئەو ژن و مێردە لە برۆکسل دەسـتگیرکران و 500 گرام تەقەمەنی TATP یان پـێبووە لەگەڵ ئامێری تەقینەوە.

لە پاریسیش سەرچاوەیەکی دادوەری بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی پشـتڕاستکردووەتەوە 3 کەس لە فەڕەنسا دەسـتگیرکراون لەسەر هەمان کەیس.

لە بەلجیکاش پـۆلیس ڕۆژی شەممە 5 شوێنی لە چوارچێوەی ئەم کەیسە پـشکنی، بەڵام هیچ لەم بارەیەوە بۆ میدیاکان ئاشکرا نەکرا.

موجاهیدینی خەلەق لە بەیاننامەیەکدا ڕژێمی ئێران تۆمەتبارکرد و داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد باڵیۆزخانەکانی ئێران لە ئەوروپا دابخەن.

لەو کۆبوونەوەیەی موجاهیدین چەند کەسایەتیـیەکی ئەمەریکایی تیایدا بەشداریـیان کرد، لەوانە نیوت گینگرچ سەرۆکی پـێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و ڕودی جولیانی سەرۆکی پـێشووی شارەوانی نیویۆرک.

ئەم پـێشهاتانە لە کاتێکدایە حەسەن ڕوحانی بە سەردانێک لە ئەوروپایە.