کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران باڵیۆزی پاکستانیان لە ناڕەزاییەکانی خۆیان ئاگادارکردۆتەوە سەبارەت بەو هێرشەی لەسەر سنور کراوەتە سەر پاسەوانە ئێرانیەکان و نۆ کەسی تیادا کوژران.
ئاژانسی دەنگ و باسی ئێرنا دەڵێت تاران داوای هەنگاونانی خێرا و ڕژدی لە ئیسلام ئاباد کردووە بۆ سزادانی وەک دەڵێت ئەو تێرۆریستانەی هێرشەکەیان کردووە و هەروەهاش داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێی کردووە بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە.
ئێران دەڵێت هێرشبەرەکان ڕۆژی چوارشەممە لەناو پاکستانەوە تەقەیان لە پاسەوانە ئێرانییەکان کردووە و بێ لەو 9 کەسەی کوژراون، سێ کەسی تریش بریندارن.
ئەو ناوچەیە کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە، ناوبەناو پێکدادان لە نێوان هێزە ئێرانیەکان و جەیشولعەدلی سوننە ئاینزادا ڕوودەدەن و هەروەهاش لەگەڵ قاچاغچییە چەکدارەکانی بەنگ و موخەدەراتدا.