سەرۆکی ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی یۆرانیۆمی زیاتر دەپـیتێنێت پاش ئەوەی دەزگایەکی ناوکی ژیر زەمینی خستەوەگەڕ.
عەلی ئەکبەر ساڵحی ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پـرێسی گوت ئێستا لە دەزگای ناوەکی فەردو دەستکراوەتەوە بە کاری پـیتاندنی یۆرانیۆم، ئەو شوێنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا مەترسیـیان لێی هەیە ئێران تیایدا بتوانێت یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی بەرز بپـیتێنێت کە شیانی هەبێت چەکی ناوەکی لێ دروستبکرێت.
ساڵحی گوتی ئێستا ڕۆژانە لە هەردوو دەزگای ناوکی نەتەنز و فەردو 5.5 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پـیتێنراو بەرهەم دەهێنن. پـێشتر ئێران ڕۆژانە نزیکەی 450 گرام یۆرانیۆمی پـیتێنراوی بەرهەم دەهێنا.
دەزگای ناوەکی فەردو نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری قومەوە دورە و لە ناوچەیەکدایە دەوروبەری شاخاویـیە و بە چەکی بەرگری ئاسمانی چواردەورەدراوە. ڕووبەرەکەی هێندەی گۆڕەپانێکی تۆپی پـێ دەبێت، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی 3 هەزار سەنتەرفیوجی لێدابنرێت، بۆیە کاربەدەستانی ئەمەریکا پـێیانوایە شیانی هەیە ئەم دەزگایە بۆ مەبەستی لەشکری بەکاربهێنرێت.
دەزگای نەتەنزیش کە زیاتر لە 5 هەزار سەنتەرفیوجی لێــیە، نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری ئەسفەهانەوە دورە.
لە ئێستا ئێران هەتا ئاستی 4.5% یۆرانیۆم دەپـیتێنێت، ئەمەش ئاستێکی زۆر نزمە بەراورد بەو ئاستەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکی پـێویستە کە 90%.