سەرۆک عێراق پـێشوازی لە سەرۆکی ئێران دەکات

سەرۆکی عێراق دەڵێت وڵاتەکەی نایەوێت ببێتە گۆڕپانی شەڕی لایەنە ناکۆکەکانی جیهان و هەروەها نایەوێت ببێتە شوێنێک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی.

بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی عێراق پاڵپشتی ئێران لە یاد ناکات کاتێک ڕووبەڕووی زۆرداری دەبووەوە و هەروەها ئەو ڕۆڵەی بینویەتی لە شەڕی دژی تێرۆردا.

حەسەن ڕوحانی لای خۆیەوە گوتی ئێران پـێیوایە عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە و دەتوانێت ڕۆڵێکی زیاتر ببینێت لە بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی. گوتیشی کۆمەڵێک گرێبەستی ئابوری لە میانەی ئەم سەردانە سێ ڕۆژیەی خۆی و شاندەکەی بۆ عێراق واژودەکرێن.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم سەردانی حەسەن ڕوحانیـیە بۆ عێراق لەوەتای لە ساڵی 2013 وە پـۆستی سەرۆکایەتی گرتووەتەدەست. ئەمەش لە کاتێکدا فشارە ئابوری و سیاسیـیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران هەتا دێت و ڕوو لە زیادبوون دەکات.

ئێران دووەمین وڵاتە کە زۆرترین هەناردەی بۆ عێراق هەیە، هەر لە گازی سروشتیـیەوە هەتا ئامێری کارەبایی و سەوزە و میوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵ دەدات هەناردەی کەرتی نەوتی ئێران ڕابگرێت، دەڵێت ڕژێمی ئێران لە بری ئەوەی داهاتی ئەو نەوتە بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بەکاربهێنێت، تەرخانی دەکات بۆ کارە شەڕەنگێزەکانی لە ناوچەکە.