کاربەدەستانی ئێران دەڵێن ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە بەردەم بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پـۆلیسی شاری چابەهار لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا 2 کەس کوژراون و بە لایەنی کەم 27 کەسی دیکە برینداربوون.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت کاربەدەستێکی ئاسایشی لە شارەکە گوتویەتی لە نزیک کاتژمێر 10 ی بەیانی خۆکوژێک بە ئۆتۆمبیلێکی بارهەڵگری بچووکی پـڕ لە تەقەمەنی هەوڵی دابوو خۆی بکات بە بارەگای پـۆلیس، بەڵام ڕێگەی پـێنەدرابوو و لە بەردەمی بارەگاکە تەقینەوەکەی ئەنجامداوە.
محەمەد هادی مەرعەشی یاریدەدەری فەرمانڕەوای پارێزگای سیستان بلوچستان بۆ کاروباری ئاسایشی بە تەلەفیزیۆنی وڵاتەکەی گوت کارێکی تێرۆرستی بووە و بووەتە هۆی کوژرانی 2 پـۆلیس.
محەمەد ڕەزا ناسیح سەرۆکی سەنتەری پـزیشکی لە کۆلێژی زانستە پـزیشکیـیەکان و خزمەتگوزاری تەندروستی لە ئیرانشەهر باسی لە دۆخی بریندارەکان کرد و گوتی 3 کەسیان برینەکانیان سەختە.
تەقینەوەکە هێندە بەهێزبووە زیانی بە بیناکانی دیکەی ناوچەکە گەیاندووە و بەشێک لە شووشەی پەنجەرەکانیان شکاون.
لەسەر تۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتی تیلگرام بڵاوکراوەتەوە، گروپی ئەنسار ئەلفورقانی سەر بە ئەلقاعیدە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.
جێی ئاماژەیە جابەهار شارێکی بەندەریـیە و دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئێران لەسەر کەنداوی عومان و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 100 هەزار کەسە و زۆربەیان بلوچی سووننەن.