کاربەدەستانی ئەندەنوسیا دەڵێن پـێدەچێت تەواوی ئەو 189 کەسەی لەو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی لایۆن بوون، ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کەوتە خوارێ، هەموویان گیانیان لەدەست دابێت.
بەمبانگ سوریۆ ئاجی بەڕێوەبەری دەزگای بەهاناچوونی وڵاتی ئەندەنوسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی لەو بڕوایەدان تەواوی سەرنشینەکان کە بریتین لە 178 کەسی گەورە و 3 منداڵ لەگەڵ دوو فڕۆکەوانەکە و 6 کارمەندی نێو فڕۆکەکە، گیانیان لە دەست دابێت.
فڕۆکەکە لە جۆری Boeing-737 MAX بوو و بەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی جاکارتای پایتەخت هەستابوو بەرەو شاری پانگکال پینانگ، بەڵام پاش 13 خولەک لە هەستانی کەوتووەتە ناو ئاوی دەریای جاڤا.
کاربەدەستان دەڵێن فڕۆکەکە نوێ بووە و لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە خراوەتەگەڕ و هەروەها هەردوو فڕۆکەوانەکە ئەزمونی زیاتر لە 11 هەزار کاژمێر فڕینیان هەبووە و هیچ کێشەی تەندروستیان نەبووە.
دەشڵێن نزیکەی 150 لە کارمەندانی بەهاناچوون لە شوێنی کەوتنی فڕۆکەکەن، لەوانە 40 کەسیان مەلەوانن (غەواس). فڕۆکەکە لە قۆڵایی 30 بۆ 40 مەتری ئاوی دەریایە و چەند پارچەیەکی لەگەڵ تەرمی ژمارەیەک لە قوربانیـیەکان سەر ئاوەکە کەوتوون.
جێی ئاماژەیە 6 کەس کە دەبوایە لەو فڕۆکەیەدا بوونایە، بەهۆی قەرەباڵغی جادەکانەوە فریای نەکەوتوون، بەمەش لە مەرگ ڕزگاریان بوو.