چەکدارێـک 6 کەس لە نزیک بازاڕێـکی شاری هیوستنی تەکساس برینداردەکات

چەکدارێـک لە بەردەم بازاڕێـکی شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساس تەقەی لە خەڵکی کردووە و لە ئاکامدا 6 کەس برینداربوون.

ئەمڕۆ دووشەممە لە کاژمێر 6:30 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی کەسێـک بە ئۆتۆمبیل لە بەردەم بازاڕی weslayan & bissonnet ی کەوتووەتە تەقەکردن لە خەڵکی.

بەپـێی پـۆلیسی هیوستن چەکدارەکە پارێزەر بووە و بە گولـلەی پـۆلیس کوژراوە و لە ئێستادا دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە. هەروەها ئۆتۆمبیلەکەیان پـشکنیوە و دەرکەوتووە چەکی دیکەی تێدابووە.

ڕیچارد مان یاریدەدەری سەرۆکی بەشی فریاگوزاری شاری هیوستن دەڵێت لەو شەش کەسەی برینداربوون دووانیان بە پەلە براون بۆ نەخۆشخانە و ئەوانی دیکە برینەکانیان زۆر مەترسیدار نیـیە.

گەواهیدەران دەڵێن چەکدارەکە بە دەیان فیشەکی تەقاندووە بە ڕووی ئۆتۆمبیلەکانی لە ناوچەکەدا بوون.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ وردەکاری زیاتر یان ناوی چەکدارەکە ڕانەگەیاندراوە.