کەسێک لە شوێنی حەوانەوەی گولەن نزیک دەبێتەوە و پاسەوانێکی تەقە دەکات

ڕێکخراوێکی سەر بە فەتحوڵڵا گولەن، پـیاوی ئاینی تورکی ئەوەی ئەنکەرە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تۆمەتباری دەکات، دەڵێت کەسێک کە پـێدەچوو چەکداربێت لە شوێنی حەوانەوەی گولەن لە ناوچەی سایڵرزبێرگی ویلایەتی پەنسلڤانیا نزیکبووتەوە و لە پاش تەقەی پاسەوانێکی شوێنەکە بە ئاسماندا کەسەکە هەڵهاتووە.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی لە دەوروبەری 8:30 ی بەیانی ڕووداوەکە بووە و کەس زیانی پـێنەکەوتووە.

هێزەکانی پـۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپـێکردووە.

ڕێکخراوەکە هەروەها لە ڕاگەیاندنەکەی نووسیویەتی ئەم ڕووداوە پاش ئەوە دێت کە ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لەم دوایـیانە گوتویەتی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێک لە دژی لایەنگرانی گولەن لە دەرەوەی وڵات دەسـتپـێدەکات.

دەشڵێت حکومەتی تورکیا لە سایەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا پـیلانی داناوە بۆ ڕفاندنی فەتحوڵڵا و گولەن، ئەمە جگە لەوەی سەرکەوتووبوون لە ڕفاندنی لایەنگرانی گولەن لە سەرانسەری جیهان، بۆیە داوا لە حکومەتی ئەمەریکا دەکەن بەردەوامبێت لە بەرپـرسیارکردنی تورکیا لەو کردەوە و هەڕەشانەی لە دژی خەڵکی بێتاوان لە ئەمەریکا و دەرەوە دەیکات.