سێ ڕێکخراوی ناحکومی یۆنان دەڵێن لەوەتای بەهاری ئەمساڵەوە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان سەدان پەنابەر و کۆچبەریان بە زۆرەملێ ڕەوانەی تورکیا کردووەتەوە سەرەڕای ئەوەی ئاگاداریانکردوونەتەوە لەوەی ئەو جۆرە کارانە پـێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیـیەکانن.
هەرسێ ڕێکخراوی HumanRights360 و ARSIS و ئەنجومەنی یۆنان بۆ پەنابەران لە ڕاپـۆرتێکیاندا دەڵێن بەپـێی گەواهیدانی 39 کەس کە زۆربەیان خەڵکی سوریا و عێراق و تورکیا و ئەفغانستانن، کەسانێک دەستگیریانکردوون کە زۆربەیان بە یۆنانی قسەیان لەگەڵ کردوون و ناچاریان کردوون بە زۆر سواری بەلەم بن تاوەکو لە ڕێگەی ڕووباری ئەڤرۆس بگەڕێنەوە بۆ تورکیا. ژمارەیەکیان گوتوویانە لێـیاندراوە و دزیشیان لێکردوون.
نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران لە یۆنان نیگەرانی قوڵی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕیوە و گوتویەتی چەندان جار ئەم مەسەلەیەیان لەگەڵ کاربەدەستانی یۆنان هێناوەتە بەرباس، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
دەسەڵاتداران لای خۆیانەوە ڕەتیانکردووەتەوە هیچ لایەنێکی فەرمی دەستی لەو پـێشێلکاریـیانەدا هەبێت.