زیاتر لە 60 کەس بەهۆی ئاگری دارستانەکانی یۆنان گیان لەدەست‌دەدەن

کاربەدەستانی یۆنان دەڵێن بەپـێی دوایـین ئاماری زیانە گیانیـیەکانی ئاکامی ئەو ئاگرە گەورانەی لە ڕۆژی دووشەممەوە بەربوونەتە دارستانەکانی ناوچەی ماتی ڕۆژهەڵاتی ئەثینای پایتەخت زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەستداوە و 172 کەسی دیکە برینداربوون.

کاربەدەستانی تەندروستی و فریاگوزاری یۆنان ئەمڕۆ سێشەممە گوتیشیان لە نێو یاریگایەکی ماتی تەرمی 26 کەسیان دۆزیوەتەوە کە بووبوون بە خەڵوز. دەشڵێن ژمارەیەکیان منداڵ بوون.

کارمەندێکی فریاگوزاری بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەو 26 کەسە لە تاو ئاگرەکە بە کۆمەڵ باوەشیان بە یەکترداکردووە.

سەرۆکی شارەوانی بەندەری ڕافینا کە لە ماتیـیەوە نزیکە بە فڕانس پـرێسی گوت ماتی وێرانبوو، زیاتر لە هەزار بینا و 300 ئۆتۆمبیل سووتاون و هێشتا ئاگریان لێبەرزدەبێتەوە.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و هەڵکردنی بایەکی بەهێز بە هۆکاری تەشەنەکردنی ئاگرەکان دادەنرێن.

ئەلێکسیس تسیپراس سەرۆک وەزیری یۆنان بۆ ماوەی 3 ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند.

Your browser doesn’t support HTML5

زیانی ئاکامی ئاگری دارستانەکانی یۆنان 24 ی حەوتی 2018