لە ئەڵمانیا هێرش دەکرێتە سەر ڕێستورانتێکی تورکی

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت چەند هێرشبەرێکی نەناسراو ئاگریان بەرداوەتە ڕێستورانتێکی تورک لە شارێکی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کە بەم دوواییانە بەهۆی خۆپیشاندانێکی دژبە پەنابەران توندوتیژی تیایدا ڕوویدابوو.

پۆلیسی ویلایەتی ساکسۆنیا دەڵێت بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە هێرشەکە کراوەتە سەر ڕێستورانتەکە لە شاری کێم‌نتس و دانیشتوانی ناوچەکە بە دەنگی هاوارهاواری ناو ڕیستورانتەکە بەخەبەر هاتوون و بینیویانە دووکەڵ لە ڕێستورانتەکە بەرزبووەتەوە و 3 کەس بە ئۆتۆمبیلێکەوە هەڵدێن.

دەستبەجێ ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا و هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاندووە " مەبەستی ڕق و کینە لەم ڕووداوەدا بە دوور نازانن" بەڵام دەشڵێن لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەگەرەکان دەکرێت.

پاش کوشتنی پیاوێکی ئەڵمانی لە مانگی هەشت کە گوماندەکرێت لەلایەن کۆچبەرانەوە کوژرابێت، توندوتیژییەکی زۆر لە شاری کەمنتس سەری‌هەڵدا. لە کاتی خۆپیشاندانەکانیشدا هێرشکرایە سەر ڕێستورانتێک.